شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق دەستگیرکردنی دوو بەرپرسی داعشی راگەیاند

دوو بەرپرسى دەستگیرکراوى رێکخراوى داعش. فۆتۆ: شانەى راگەیاندنى ئەمنى عێراق

شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق ئاشکرایکرد، لەهەڵمەتێکی ئەمنیدا و پاش بەدواداچوونێکی چەند ساڵە، دوو سەرکردەی داعشیان لە دەرەوەی سنوورەکان دەستگیرکرد، کە بەرپرسیارێتی گەورەیان لە رێکخراوەکەدا هەبووە.

ئەمڕۆ شەممە 24ـى شوباتی 2024، شانەی راگەیاندنی ئەمنی لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، پاش بەدواداچوونی هەواڵگری کە چەند ساڵێک بەردەوامبوو، هێزەکانی دەزگای هەواڵگری نیشتیمانی عێراق توانیان لە دەرەوەی سنوورەکان دوو بەرپرسی رێکخراوی داعش دەستگیر بکەن.

ئاماژەبەوەشکراوە، "یەکێک  لە دەستگیرکراوەکان، ناوی عیسام عەبد عەلی سەعیدان بە (ئەبو زەید) ناسراوە و بەرپرسی راگەیاندنی ویلایەتی فەلوجە بووە، دەستی هەبووە لە کوشتنی چەند کارمەندێکی هێزە ئەمنییەکاندا ، دەستگیرکراوی دووەمیش ناوی بەشیر عەبد عەلی سەعیدان، والی ویلایەتی داعش بووە لە فەلوجە".

لەچەند رۆژی رابردوودا، دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی عێراق ئاشکرایکرد، لەلایەن هێزەکانیانەوە لە دوو مانگی رابردوودا، 32 ئەندامی رێکخراوی داعشیان دەستگیرکرد کە دوو لە دەستگیرکراوەکان لە پارێزگای کەرکوک بووە.