قوباد تاڵەبانی: متمانەی تەواومان بە ژنان هەیە لەناو هێزی پێشمەرگە

سەردانی قوباد تاڵەبانی بۆ کۆلێژی سەربازیی قەڵاچوالان. فۆتۆ: پەڕەی قوباد تاڵەبانی لە فەیسبووك

جێگرى سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، متمانەی تەواویان بە توانا و لێهاتوویی ژنان هەیە لەناو هێزی پێشمەرگەی کوردستان، داواش لە ژنان دەكات زیاتر خۆیان ماندوو بکەن لە پەرەپێدانی توانا و شارەزایی خۆیان.

ئەمڕۆ یەکشەممە 25ـی شوباتى 2024، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی كوردستان سەردانی کۆلێژی سەربازیی قەڵاچوالانی کرد و لەگەڵ ئەفسەران و خوێندکارانی ژنی کۆلێژەکە کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا جێگری سەرۆکوەزیران، ستایشی مامۆستایان و ئەفسەرانی کۆلێژی سەربازیی قەڵاچوالانی کرد و ئاماژەی بەوەکرد، ژمارەیەکی زۆر ئەفسەری دەرچووی ئەم کۆلێژە لە کوردستان و عێراق لە پێگەی گرنگن و خزمەت دەکەن.

قوباد تاڵەبانی راشیگەیاند، پێشتر تێڕوانینێک هەبوو کە کۆسپبوو لەبەردەم بەشداریکردنی ژنان لەم جۆرە خولانەدا، بەڵام ئێستا ئەو تێڕوانینە بەرەو کاڵبوونەوە رۆیشتووە و دەبێت بە تەواوەتی نەهێڵدرێت.

هاوکات قوباد تاڵەبانى، دڵخۆشی خۆی دەربڕی بەوەی ساڵ لەدوای ساڵ رێژەی بەشداریکردنی ژنان لە خولەکانی کۆلێژی سەربازیی قەڵاچوالان بەرزتردەبێتەوە و ئامادەدەبن بۆ ئەوەی شانبەشانی پیاوان بەرگریی لە خاکی کوردستان و هاونیشتمانیان بکەن.

گوتیشی، "متمانەی تەواومان بە توانای ژنان هەیە لەناو هێزی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی دیکەدا و داواشیکرد، ژنان زیاتر خۆیان ماندوو بکەن لە پەرەپێدانی توانا و شارەزایی خۆیان لەناو هێزە ئەمنییەکاندا".

لە ساڵى 1997، بۆ یەکەمجار هێزى پێشمەرگەى ژنانى کوردستان لەسەر دەستى هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد دامەزرا، وەکو هێزێکى فەرمى لە وەزارەتى پێشمەرگەى ئەوکات لەشارى سلێمانى دەستبەکاربوون.