به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی هاتوچۆی سلێمانی بەهۆى ئەو شەپۆلە بەفربارینەى سنوورى پارێزگاکەى گرتووەتەوە هۆشدارى لە دابه‌زینی پله‌كانی گه‌رما و بەستنى زۆرینه‌ی شه‌قامه‌كان دەدات، شارەوانى و بەرگریى شارستانیش دەڵێن، تیمەکانیان لە حاڵەتى ئامادەباشیدان بۆ رووبەڕووبونەوەى حاڵەتى نەخوازراو.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 28ى شوباتى 2024، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی هاتوچۆی سلێمانی رایگەیاند، "له‌پێناو پاراستنی سه‌لامه‌تیی گیانی هاوڵاتیان و شۆفێران له‌مه‌ترسییه‌كانی ئه‌م شه‌پۆله به‌فر و با به‌هێزه‌ی سنووری شاری سلێمانی گرتووەتەوە و بووه‌ته هۆی به‌ستنی هه‌ندێك شه‌قام و رێگه‌وبان، به‌تایبه‌ت دووسایدی هه‌واری شار به‌ره‌و تونێلی پێشڕه‌و به‌هۆی به‌فر و شه‌خته‌وه به‌شێوه‌یه‌كی كاتی به‌ربه‌ستكراوه".
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی هاتوچۆی سلێمانی، "داواش له‌هاوڵاتیان و شۆفێران ده‌كات به‌وریاییه‌وه ئه‌و شه‌قامانه به‌كاربهێنن كه مه‌ترسی شه‌خته‌یان هه‌یه به‌تایبه‌ت شه‌قامی بازنه‌یی مه‌لیك مه‌حمود به‌رده‌م هۆتێل تایتانیك، چاوه‌ڕوانده‌كرێت له‌كاته‌كانی شه‌و به‌دواوه به‌هۆی دابه‌زینی پله‌كانی گه‌رماوه زۆرینه‌ی شه‌قامه‌كان بیبەستێت".
هاوکات ئاسۆ محەمەد، بەڕێوەبەرى هاتوچۆى سلێمانى بە کەناڵ8ى راگەیاند، "تاوەکو ئێستا هیچ رووداوێکى هاتوچۆ بەهۆى ئەو بەفربارینەوە رووینەداوە کە رووى لە سنوورى پارێزگاى سلێمانى کردووە".
لاى خۆیەوە زەردەشت رەفیق، بەڕێوەبەرى راگەیاندنى شارەوانیی سلێمانى بەکەناڵ8ى گوت، "هیچ رێگەیەکى ناوشارى سلێمانى بەهۆى بەفربارینەوە نەگیراوە و تیمەکانیشیان لە حاڵەتى ئامادەباشیدان بۆ پاککردنەوەى رێگەکان".
هەروەها ئارام عەلى، گوتەبێژى بەرگریی شارستانى سلێمانى بە کەناڵ8ى راگەیاند، "تیمەکانیان لە حاڵەتى ئامادەباشیدان بۆ رووبەڕووبونەوەى هەر حاڵەتێکى نەخوازراو."
لە بەرەبەیانیى ئەمڕۆوە شەپۆلێکى بەفربارین سەنتەرى پارێزگاى سلێمانى و دەورووبەرى گرتووەتەوە و لە چەند شوێنێک پێنج سانتیمەتر بەفر لەسەنتەرى شار باریوە.
بەگوێرەى پێشبینییەکانى کەشناسىی سلێمانى، بەفربارین و باى بەهێز تاوەکو ئێوارە بەردەوام دەبێت و بەپێى کاتەکان کاریگەریى کەمدەبێتەوە، بەڵام کاریگەرىی بارستەهەوا ساردەکە بەردەوام دەبێت و لەرێگەکانى دەرەوەى شار مەترسیى دروستبوونى شەختە هەیە.
کەشناسیى هەرێمى کوردستانیش پێشبینى کردووە رۆژى پێنجشەممە ئەو بارستە هەواساردەى رووى لەهەرێمى کوردستانکردووە کاریگەرییەکەى لاواز ببێت.