مەشق و راهێنانى هێزە هاوبەشەکەى پێشمەرگە و سوپاى عێراق کۆتاییهات

وێنەی پێشمەرگەیەک کە بەپەنجەکانی ئاماژە بەناوی پێشمەرگە دەکات فۆتۆ: AP
وێنەی پێشمەرگەیەک کە بەپەنجەکانی ئاماژە بەناوی پێشمەرگە دەکات فۆتۆ: AP

‎پاش سێ مانگ، کۆتاییهات بەمەشق و راهێنانی هێزە هاوبەشەکەی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق.

‎بەگوێرەی زانیارییەکانی کەناڵ8، لیوای 2ـى  تایبەت کە لە چوار فەوجی سەربازیی پێکدێت مەشق و راهێنانەکانیان کۆتاییپێهات، هەریەک لەو فەوجانە بەشێوەیەکی کاتی رەوانەی ناوچەکانی (تاجی، حەبانیە و موسڵ)، دەکرێن و فەوجێکیشیان لە کەرکوک دەمێنێتەوە.

سەرچاوەیەکی تایبەت لە ژووری هەماهەنگی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق بەکەناڵ8ـى راگەیاند، هێزە هاوبەشەکە ئەمڕۆ بەفەڕمی مەشق و راهێنانەکانیان کۆتاییپێهات، بەڵام لەژێر دەسەڵاتی ناوەندی مەشق و راهێنان دەمێننەوە، تاوەکو ئەوکاتەی شوێنیان بۆ ئامادەدەکرێت، پاشان دەستبەکاردەبن و لە بۆشاییە ئەمنیەکان جێگیر دەکرێن.

لیوای 1ـى تایبەت پێشتر لە لیوای 66ـى سوپای عێراق پێکهاتبوون کە لەپارێزگای سەڵاحەدین بوون، هەروەکو لیوای  2ـى  تایبەت کە پێشتر بە لیوای 20ـى پێشمەرگە ناسرابوون.

لەرابردووشدا شاندێکى سەربازی سوپای عێراق و پێشمەرگە بەشێوەی مەیدانی، سەردانی ئەو ناوچانەیانکرد، لە سنووری پارێزگای کەرکوک و شوێنی سەنگەرەکانیان دیاریکرد، کە بڕیارە ئەو هێزە هاوبەشەی تێدا جێگیر بکرێت.

ئەم هێزە ئەرکەکانیان لەخانەقینەوە دەستپێدەکات تاوەکو شەنگال، پۆستە سەربازییەکانیش بە یەکسانی لەنێوان نەتەوەی کورد و عەرەب دابەشکراوە.