ژن و منداڵى جێماوی داعش دەگوازرێنەوە عێراق

کامپی هۆڵ فۆتۆ: AP

کەمپى هۆل لە رۆژئاواى کوردستان، کە خێزان و منداڵى چەکدارانى داعشى تێدا جێگیرن، حکومەتى عێراق لەسەرەتاى ساڵى 2020وە هەوڵى گەڕاندنەوەى ئەو عیراقییانە دەدات کە تێیدا نیشتەجێن.

لەکابینەى رابردووى حکومەتى عیراق بەسەرۆکایەتى مستەفا کازمى رێککەوتن لەگەڵ هێزەکانى سووریاى دیموکرات و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان واژۆ کرا بۆ گەڕاندنەوەى ئەو عێراقییانەى لەکەمپەکە نیشتەجێن.

بەگوێرەى ئامارەکان، 30 هەزار ژن و منداڵى پاشماوەى چەکدارانى داعش لەکەمپى هۆڵ نیشتەجێن کە خەڵکی شارەکانى موسڵ، بەغداد، کەرکوک، ئەنبارن و بەچەند قۆناغێک دەگوازرێنەوە عێراق.

تاوەکو ئێستا 13 قۆناغى گەڕاندنەوەى نیشتەجێبووانى کەمپى هۆل بۆ عێراق کۆتاییهاتووە، بڕیارە لەچەند رۆژى نزیکى داهاتوو 150خێزان لە چوارچێوەى قۆناغى 14 بگەڕێندرێنەوە عیراق.

لەعیراق، کەمپێک لەباشوورى پارێزگاى موسڵ بەناوى کەمپى جدعە بۆ ئەو عێراقییانەى کەمپى هۆڵ دروستکراوە، بەڵام ئەوانەى دەگەڕێندرێنەوە، دەبێت لەلایەن دادگاوە داوا نەکرابن.