/

زریانێکی بەهێز کالیفۆرنیای گرتووەتەوە و کارەبای دەیان هەزار ماڵ بڕاوە

گێژەڵووکە و بەفرێکی بەهێز ناوچەی سیێرا نیڤادای کالیفۆرنیای گرتووەتەوە و ئەمەش بەهێزترین بەفر و گێژەڵووکەی ئەم وەرزەیە، کە کاریگەرییەکانی درێژبووەتەوە بۆ رێگای خێرای ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمریکا و بەهۆیەوە دەیان هەزار ماڵ بێکارەبا بوون.

دەزگای چاودێریی نیشتمانیی ویلایەتەکە پێشتر رایگەیاندبوو، چاوەڕواندەکرێت بەرزیی بەفر لە هەندێ ناوچە بگاتە سێ مەتر، گێژەڵووکە و بەفربارین بەردەوام دەبێت و ماوەی بینین بۆ نزمترین ئاستی دادەبەزێت.

جگە لەوەش دەزگاکە باسی لە مەترسی داڕمانی بەستەڵەکەکانیان کرد لە تەواوی ناوچەکانی سیێرا.

بەهۆی خێرایی با و دابەزینی مەودای بینینەوە، رۆژی هەینی رابردوو، دەسەڵاتدارانی کالیفۆرنیا بە درێژایی 160 کیلۆمەتر رێگای خێرای 80یان داخست، بەبێ ئەوەی هیچ زانیارییەک دەربارەی کاتی دووبارە کردنەوەی رێگاکە بدەن.