مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی: هه‌ڵبژاردنی داهاتوو بكه‌ینه‌ ده‌رفه‌تی زێڕین بۆ بووژاندنه‌وه‌ی ئامانجه‌كانی راپه‌ڕین

لۆگۆى یەکێتیى نیشتیمانیى کوردستان.

مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان لە یادى 33 ساڵەى راپەڕیندا پەیامێک ئاڕاستەى كه‌سوكاری شه‌هیدان و كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان دەکات و دەڵێت: با هه‌ڵبژاردنی داهاتوو بكه‌ینه‌ ده‌رفه‌تی زێڕین بۆ بوژاندنه‌وه‌ی ئامانجه‌كانی راپه‌ڕین.

مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، پەیامێکى لە بارەى یادی 33 ساڵه‌ی راپه‌ڕین بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "یادی 33 ساڵه‌ی راپه‌ڕینی گه‌له‌كه‌مان له‌ هه‌موو كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان پیرۆز بێت، به‌ تایبه‌تی له‌ كچان و كوڕانی كورده‌واری كه‌ له‌ سایه‌ی ئه‌زموونی خۆبه‌خۆ و دیموكراتی وڵاته‌كه‌ماندا پێگه‌ییون  و ئه‌مڕۆش دیمه‌نی هه‌ره‌ گه‌شی پرۆسه‌ی سیاسی وڵاته‌كه‌مان  پێكدێنن".

لە بەشێکى پەیامەکەدا هاتووە، "له‌ 5ی ئازاری ده‌روازه‌ی راپه‌ڕین، له‌ ڕانیه‌وه‌، بۆ زه‌ماوه‌ندی ڕزگاری له‌ سلێمانی و روخانی قه‌ڵای سته‌می به‌عس له‌ هه‌ولێری هۆلاكۆ به‌زێن  و دهۆكی ره‌نگین و خانه‌قینی بووكی گه‌رمسێر و ته‌واوی شار و شارۆچكه‌كانی تر تا نه‌ورۆزی ڕزگاری كه‌ركوكی قودسی كوردستان، هه‌ڵمه‌تی راپه‌رین  داستانێكی نیشتمانیی گه‌له‌كه‌مان بوو به‌ ڕابه‌رایه‌تی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و جه‌ماوه‌ری خۆراگری به‌عس به‌زێن".

مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان دەشڵێت: "ئه‌مڕۆ دوای زیاتر له‌ سێ ده‌یه‌ له‌ راپه‌ڕین و پرۆسه‌ی سیاسیی كوردستان وا له‌ حوزه‌یرانی ئه‌مساڵدا روومان له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتووی په‌رله‌مانی كوردستانه‌ و ده‌رفه‌تێكی زێڕین هاتۆته‌كایه‌وه‌  تا به‌ گیانی پڕ جۆشوخرۆشی سه‌ره‌تاكانی ڕاپه‌ڕینی دێرینه‌وه‌ و به‌ ده‌نگدانی دیموكراتی له‌ هه‌ڵبژاردنێكی پاك و بێگه‌ردا  ئه‌زموونی  خۆماڵیمان مشتوماڵ بكه‌ینه‌وه‌".

جەخت لەوەشدەکاتەوە،‌ "به‌ به‌شداری فراوان و كارای نه‌وه‌ تازه‌كانی كورده‌واری  رێڕه‌وی حكومڕانیمان چاكتر و گه‌شه‌پێبده‌ین و ئه‌وه‌ی ماوه‌ له‌ ئامانجه‌ ستراتیژییه‌كانی راپه‌ڕین به‌دیبهێنین، به‌ جۆرێك هه‌ڵبژاردنی داهاتوو بكه‌ینه‌ ده‌رفه‌تی زێرین بۆ  بوژاندنه‌وه‌ی ئامانجه‌كانی راپه‌ڕینی دێرین".