گۆڕان: هەرێمی کوردستان باجی حوکمڕانیی خراپ و پەرتەوازەیی سیاسی دەدات

لۆگۆی بزووتنەوەی گۆڕان

بزووتنەوەی گۆڕان لە یادی 33 ساڵەی راپەڕینی خەڵکی کوردستان، جەخت لەوە دەکاتەوە هەرێمی کوردستان باجی حوکمڕانیی خراپ و پەرتەوازەیی سیاسیی دەدات، بەجۆرێک کە ئامانجەکانی راپەڕین بەلاڕێدابراون

ئەمڕۆ، 5ی ئازاری 2024، بزووتنەوەی گۆڕان لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، لە ساڵیادی راپەڕیندا، هەرێمی کوردستان لە هەمووکات زیاتر بە ساتەوەختی پڕ ئاڵنگاریی، قەیران، خراپی دۆخی ژیان، گوزەرانی هاونیشتمانییان و مووچەخۆراندا تێدەپەڕێت.

لە بەیاننامەکەدا ئەوەش هاتووە، هەرێمی کوردستان لاوازبووە بەهۆی ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا، دروستنەکردنی هێزێکى نیشتمانیی نیزامی، بەکارهێنانى دامەزراوە نیشتمانییەکان بۆ بەرژەوەندیى حزبە فەرمانڕەواکان... پابەندنەبوون بە سەروەریی یاسا، قووڵکردنەوەی ناکۆکییە حزبییەکان و دروستنەکردنی کۆدەنگی نیشتمانی، بە دوو روانگەی جیاواز مامەڵەکردن لەگەڵ بەغداد و نەبوونی یاسای بوودجە و شەفافیەت لە داهات و خەرجییەکان.

بزووتنەوەی گۆڕان جەخت لەوە دەکاتەوە، لە هەموو کات زیاتر چارەنووسی هەرێمی کوردستان بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانەوە بەستراوەتەوە، هەر بۆیە پشتیوانی ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەکەن لە 10ی حوزەیرانی 2024.

ئەمڕۆ، 33 ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر دەستپێکردنی راپەڕینی هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان دژی دامەزراوەکانی حیزبی بەعس، راپەڕینەکە چەند رۆژێکی خایاند تاوەکو لە رۆژی 21ی ئازاری 1991 شاری کەرکووکیش ئازادکرا.