فەلەستین.. رۆمانێکی ئەمریکی وێنەیی k غەززە دووبارە زیندووی کردووەتەوە

دوای تێپەڕبوونی 30 ساڵ بەسەر بڵاوکردنەوەی، جارێکی دیکە ویست لەسەر رۆمانی وێنەیی "فەلەستین" زیاد دەکات، بەڕاددەیەک کە چیتر لە کتێبفرۆشەکاندا دەست ناکەوێت.

لە زستانی ساڵی 1991 و لە کاتێکی نزیک لە راپەڕینی یەکەمی فەلەستینییەکان، جۆ ساکۆ، کە لەوکاتەدا وێنەکێشێکی کاریکاتێر و رۆژنامەنوسێکی گەنج بوو، گەیشتە غەززە، تەنها بۆ بینینی ئەوەی چی لەوێ دەگوزەرێت.

ساکۆ گومانی هەبوو لەوەی، ئەو جەنگە ئیسرائیلی فەلەستینیەی کە لە وێنەکانی میدیاکانەوە دەیانبینێت، تەواوی چیرۆکەکە نیە، بۆیە گەشتی کرد بۆ فەلەستین و دوو مانگ لە کەرتی غەززە و بەشی رۆژئاوا مایەوە، قسەی لەگەڵ منداڵە بریندارەکان و دایکە دڵ پڕ و باوکە رووخاوەکاندا کرد.

لەم گەشتەیدا پیاوێکی فەلەستینی پێی وت، "شتێک لەسەر ئێمە بنوسە"، ئەویش پەیمانیدا و پێی وت، "هەموو جیهان لە ناڕەحەتییەکانتان ئاگاداردەکەمەوە".

کاتێک بۆ یەکەمجار ئەو رۆمانە وێنەییە لە نەوەدەکانی سەدەی رابردوودا بڵاوبووەوە، کە باس لەوە دەکات فەلەستینییەکان لە ژێر داگیرکاریدا بەدوای ئازادیدا دەگەڕێن، خوێنەران کەمتر گرنگیان پێدەدا، بەڵام ئێستا و دوای تێپەڕبوونی 30 ساڵ، ویست لەسەر ئەم رۆمانە زۆر بووە، بەڕاددەیەک وایلێهاتووە کە نە لە کتێبفرۆشەکان و نە لە رێگەی ئینتەرنێتەوە دەست ناکەوێت.

دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی "فانتراگرافیکس" دەڵێت، لەدوای "باهۆزی ئەقسا"وە ویست لەسەر ئەم رۆمانە زیادی کردووە، تەنانەت لە رێگەی گوگڵەوە زۆرترین گەڕانی بۆ کراوە لە ساڵی 2014ـەوە.

لەگەڵ بەردەوامی جەنگ و خراپبوونی دۆخی فەلەستینییەکان، دووبارە کتێبەکە چاپکراوەتەوە، کە پێکهاتووە کە 285 پەرە، لە ئەمریکا و 11 وڵاتی دیکە بەردەست دەکەوێت.

رۆمانی "فەلەستین" بە کارێکی مێژوویی وێنەیی راستەقینە دادەندرێت، کە کۆکراوەیەکە لە راپۆرتی شایەدحاڵەکان، گێڕانەوەی دیمەنەکان بە وێنە.

لەماوەی گەشتەکەیدا، ساکۆ هەرجارێک لە کەپمێکی ئاوارەکانی فەلەستینەوە دەچووە کەمپێکی دیکە، دەچووە لای خێزانەکان، کە ئەوانیش لەگەڵ کوپێک چادا باسی چیرۆکی خۆیان بۆ دەکرد، ئەویش چیرۆکەکانی بە تێکست و وێنە لە رۆمانەکەیدا جێدەکردەوە.

وێنە کاریکارتێرییەکانی ناو کتێبەکە وادەردەکەون کە دیمەنێکی نوێ بن، چیرۆکی منداڵە بریندارەکانی تێدایە، هەروەها لە بەشێکدا پەرستارەکان بۆی باسدەکەن کە چۆن سەربازانی ئیسرائیل چوونەتە ژوورەکانی نەشتەرگەرییەوە و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ بریندارەکان کردوە.

ساکۆ وێنەی خۆی بەشێوەی کەسێک دروست کردووە کە چاویلکەیەکی پزیشکی لەچاودایە، لە چەندین شوێندا دووبارە دایناوەتەوە، تا بە خوێنەر بڵێت کە ئەم چیرۆکە لە رێگەی چاوێکەوە دەگێڕدرێتەوە کە لەو شوێنە بووە و ویستوویەتی تێبگات چی روودەدات، تەنها وەستاوە و دەبینێت و دەبیستێت.

ساکۆ لە ئێستادا لە ویلایەتی ئۆریگۆن دەژی، تاوەکو ئێستا وێنەی کاریکاتێری بۆ رۆژنامە و کتێبەکان دەکێشێت، دەڵێت، "رۆمانی فەلەستین زۆر گرنگە چونکە سیما سەرەکییەکانی داگیرکاری فەلەستین دوای تێپەڕبوونی 30 ساڵ وەک خۆی ماوەتەوە".

چیرۆکی ئەو رۆمانە ناگات بە هیچ ئەنجامێکی روون، وەک چۆن لە رۆمانەکەدا پیاوێکی بەساڵاچوو لە جەنین بە ساکۆی گوت، "ئەم دۆخە تاهەتایە بەردەوام دەبێت"، ساکۆ بە دەنگی بەرز دەپرسێت، "ئەی چی لەبارەی بەرپابوونی ئاشتییەوە؟"، پیاوە پیرەکە پێدەکەنێت و دەڵێت، "مرد پێش ئەوەی لەدایکببێت".