وێنە.. چیرۆکی پاسەوانی کلیلی مۆزەخانە هونەرییەکانی ڤاتیکان

جیانی کرێیا، یەکێکە لە دیارترین دەرگاوان و خەزنەدارەکانی ڤاتیکان، بەیانیان، پێش هەڵهاتنی خۆر، ئامادەکاریی دەکات بۆ کردنەوەی دەرگای مۆزەخانە و شوێنە گشتییەکانی وڵاتەکە و سەدان کلیلی جیاواز بەکاردەهێنێت بۆ کردنەوەیان.

مۆزەخانە و پێشانگەکانی ڤاتیکان، پڕن لە شاکاری هونەریی، لە دیارترین ئەو کارانەش لەسەر دەستی هونەرمەندە مەزنەکان دروستکراوەن، لەوانە رافایەل، لیۆناردۆ دا ڤینچی و کاراڤاجیۆ، جیانۆ کرێیا، پاسەوانی کلیل و دەرگاوانێیک دیاری ناوچەکەیە، ئەرکی رۆژانەی، سەرپەرشتیکردنی داخستنی دەرگای ئەم مۆزەخانانەیە لە شەودا، بەیانیانیش زوو بە راڕەو و داڵانە تاریکەکاندا تێدەپەڕێت و دەرگای زۆرینەیان دەکاتەوە.

مۆزەخانە و دەرگای شوێنە گشتییەکانی ڤاتیکان، تەنها بە فەرمان و هەوڵی کرێیا دەکرێنەوە، وەکو خۆی ئاماژەی پێدەدات، دوو هەزار و 797 کلیلی بوونیان هەیە و بۆ هەر یەکێکیان پێنج لەبەرگیراوی بۆ دروستکراوە، بەمەش تێکڕای ئەو کلیلانەی دەتوانن دەرگا جیاوازەکانی ڤاتیکان بکەنەوە زیاترە لە 10 هەزار کلیل.

زیاتر لە هەزار و 400 ژووری جیاواز هەن کە پێویستە کرێیا لەماوەی یەک رۆژدا بەسەریانبکاتەوە و بەیارمەتی ستافە 10 کەسییەکەی، دەرگاکانیان بکاتەوە، کە زۆرینەیان لە دەرگای مۆزەخانەکان پێکدێن و گرانبەهاترین و دەگمەنترین پارچە هونەرییەکانیان پاراستووە.

تێکڕای ئەو دەرگایانەی کە دەبێت رۆژانە پێش هەڵهاتنی خۆر بکرێنەوە، لە مەودای ناوچەیەکی حەوت کیلۆمەتریی دامەزراون، مۆزەخانەکان، بەسەر چوار بەشی جیاواز دابەشبوون، کرێیا بەتەنیا، زیاتر لە 270 دەرگا دەکاتەوە و پێویستە بە وردیی شوێنی کلیلەکانیان بزانێت و لە قاسەی تایبەتدا دەریانبهێنێت.

کرێیا ماوەی 25 ساڵە ئەمە کارەکەیەتی، هێشتاش ئاماژە بەوە دەدات، ئاڵنگارییەکان بۆی گەورەن و رۆژانە شتی نوێ لە کردنەوەی دەرگاکان و بەسەرکردنەوەی مۆزەخانەکان فێردەبێت.

چەند ساڵێکە، ڤاتیکان رێگە بە گروپی ژمارە سنووردار دەدات کە ژمارەیان لە 20 کەس تێپەڕ ناکات، هاودەمیی کرێیا بکەن و لە کەشێکی بێدەنگ و جیاوازدا، ئەزموونی کردنەوەی دەرگاکان بکەن، کە لەڕێگەی بلیتی تایبەت و گرانبەهاوە، دەتوانن ئەم گەشتە ناوازەیە ئەنجامدەن، هەرچەندە سەرەتا کرێیا باوەڕی وا نەبووە بەیانیان زوو، پێش خۆرهەڵهاتن، گەشتیاران سەردانی مۆزەخانەکان بکەن، بەڵام دروستبوونی ئەم بیرۆکەیە، ئەزموونێکی ناوازە و جیاوازی بەخشیوە بە ناوچەکە.