وەزیری بەرگریی فەرەنسا: لەڕووی ئاسایش و سەربازییەوە پشتیوانیی عێراق دەکەین

بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە سەربازییەکانی نێوان هەردوو وڵات، سابت محەمەد عەباسى، وەزیری بەرگریی عێراق بە سەردانێکی چەند رۆژە گەیشتە فەڕەنسا.

بەگوێرەی راگەیەندراێکی وەزارەتی بەرگریی عێراق، وەزیری بەرگریی وڵاتەکە لەلایەن سباستیان لوکورنو، وەزیری بەرگریی فەڕەنسا پێشوازیلێکراوە.

وەزیرى بەرگریى فەرەنسا، پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ عێراق لەرووی ئاسایش و سەربازییەوە دووپاتکردووەتەوە.

ئاماژەبەوەکراوە، هەردوو لایەن گفتوگۆیان لەبارەی مەشقی سەربازیی بە هێزەکانی عێراق کردووە و فەڕەنسا ئامادەیی خۆی بۆ هەماهەنگی بەردەوام لەدوای کۆتایی هاتنی ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیى و گواستنەوە بۆ پەیوەندییە دووقۆڵییەکان بەگوێرەى یاداشتنامەی هاوکاریی و ڕێککەوتنی ستراتیجی نێوان عێراق و فەرەنسا دەربڕیووە.

ئەوە لەکاتێکدایە پاش سەرهەڵدانى داعش و دروستبوونی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ رووبەرووبوونەوەی داعش، فەڕەنسا نزیکەی 600 سەربازی لەچوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە سووریا و عێراق بڵاوکردووەتەوە.