عەزیز فرومەند گۆرانی "گڕسۆ" لە کەناڵ8 بڵاودەکاتەوە

عەزیز فرومەند، خۆشنووس و هونەرمەندی دەنگخۆشی رۆژهەڵاتی کوردستان، نوێترین بەرهەمی گۆرانی و کلیپی خۆی بەناوی "گڕسۆ"، بۆ کەناڵ8 ناردووە، فرومەندی گۆرانیبێژ، ئاماژە بەوە دەدات؛ تێکستی گڕسۆ، لە هۆنراوەی پشکۆ یاسینی وەرگیراوە، موزیک و دابەشکردنەکەی، لەسەر دەستی هومایۆن عەزیزی ئەنجامدراوە،  بێهنامی چاک کاری وێنەگرتنی بۆ کلیپەکە کردووە و ئاوازەکەشی لە دانانی خۆیەتی.

فرومەندی، بە کەناڵ8ی گوت، لە سەرەتای گەنجێتییەوە، هۆگری گۆرانی کوردیی بووە، بە گوێدان و گوتنەوەی گۆرانی هونەرمەندانی کورد، دەستی بە کارە هونەرییەکانی کردووە.

عەزیز فرومەند، ساڵی 1978، لە شاری بۆکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە، لە بنەڕەتدا پیشەی خۆشنووسییە، دەنگە خۆشەکەی، پاڵنەری بووە بۆ بوون بە گۆرانیبێژ و تێکەڵی جیهانی هونەر بووە.

فرومەندی، بۆ کەناڵ8 ئاماژەی بەوەش دا، یەکەم کاری هونەریی خۆی، لە ساڵی 2005، بەناوی "حەریرە" بڵاوکردووتەوە، کە لە ناوەڕۆکدا، گوزارشتە لە فۆلکلۆری ناوچەی ئەردەڵان، هاوکات، خاوەنی چەندین بەرهەمی جیاوازی هونەرییە، لەوانە: دوو ئەلبومی گۆرانی "تینوو" و "چاوەڕوان"، کە یەکەمیان، پێکهاتووە لە هەشت تراک، هاوشانی سێ گۆرانی فۆلکلۆر و پێنج تراکی هۆنراوەی شاعیران، کە ئاوازی بۆیان داناوە، پاشان، کاری لەسەر بەرهەمهێنانی کلیپ کردووە، لەوانە: بێ کاسە و گوڵی سوور، زیاتر لە 20 گۆرانی تاکی دیکەشی تۆمارکردووە و تێکڕای ئەم بەرهەمانەش ئاوازەکانیان لە دانانی خۆیەتی.