بەغداد داواى داخستنى دەروازە نافەرمییەکانى هەرێمى کوردستان دەکات

دەروازەی سنووریی باشماخ فۆتۆ: حەمە سوور - کەناڵ8

ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، داواى داخستنى دەروازە نا فەرمییەکانى هەرێمى کوردستان دەکات.

لیژنەى کشتوکاڵ لە ئەنجوومەنى نوێنەران پێشنیازى داخستنى دەروازە نا فەرمییەکانى هەرێمى کوردستانی بۆ سەرۆکایەتیى پەرلەمانی عێراق بەرزکردووتەوە و رایگەیاندووە، بوونى ئەو دەروازانە مەترسى گەورەن بۆسەر بەرهەمى ناوخۆیی و دژى دەسەڵاتە فیدراڵییەکانە.

ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەرى گشتیی گومرگەكانی ھەرێمی كوردستان رایگەیاندووە، دەبێت لیژنەیەکی پەیوەندیدار بۆ سەردانی کردنی دەروازە سنوورییەکانی کوردستان دروستبکرێت، بۆ ئەوەی بڕیار لەبارەی ئەو دەروازانەوە بدرێت کە نافەرمین، ئەوانەی کە مەرجیان تێدایە بە فەرمی بکرێن و ئەوانەی دیکەش دابخرێن.

ساماڵ عەبدولڕەحمان، گوتى: "زۆرینەى ئەو دەروازانە بوونەتە واقع و دەبێت لەلایەن بەغدادەوە بڕیارى فەرمیى بوونیان بۆ دەربکرێت، بەڵام بەهۆى سەرقاڵیی هەرێمى کوردستان بە پرسى مووچەوە، جووڵاندنی ئەو دۆسێیەى زۆر خاوبووەتەوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، هەشت دەروازەی نافەرمی لە هەرێمی کوردستاندا هەن، کە لەلایەن حکومەتى ناوەندى دانیان پێدا نەنراوە.

پێشتر دەستەی دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاندبوو، لە 20 خاڵی سنووری و هەشت دەروازەی نافەرمی لە هەرێمی کوردستان هەن، چەند جارێک داوا کراوە، پێویستە حکومەتی عێراق رێکارەکانی بگرێتەبەر تاوەکو بگاتە چارەسەری کۆتایی لەگەڵ هەرێمی کوردستان.