کەناڵ8 خشتەى مۆلیدە ئەهلییەکان بۆ مانگى رەمەزان ئاشکرادەکات

مۆلیدەیەکى ئەهلى لە یەکێک لە گەڕەکەکانى شارى سلێمانى. فۆتۆ: گوگڵ

سەرۆکى کۆمەڵەى مۆلیدە ئەهلییەکانى سلێمانى دەڵێت، لەمانگى رەمەزاندا لە کاتژمێر 1:00ـى دوانیوەڕۆ بۆ 5:00ـى بەیانى هەرکاتێک کارەباى نیشتمانى بڕا ئەوان کاردەکەن، بەڵام ئەگەر هەیە ئەم بەرنامەیە گۆڕانکاریى بەسەردابێت.

عوسمان محەمەد، سەرۆکى کۆمەڵەى مۆلیدە ئەهلییەکانى سلێمانى بە کەناڵ8ـى راگەیاند، لەگەڵ قائیمقامیەتى سلێمانى کۆبوونەتەوە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەى خشتەى مۆلیدە ئەهلییەکان بۆ مانگى رەمەزان.

ئاماژەى بەوەشکرد، لە کاتژمێر 1:00ـى دوانیوەڕۆ تاوەکو 5:00ـى بەیانى، هەرکاتێک کارەباى نیشتمانى کوژایەوە، مۆلیدەکان کارەبا بۆ هاوڵاتییان دابیندەکەن، ئەگەر رۆژانى پشوو بوو بەرنامەکە دەگۆڕدرێت بە کاتژمێر 11:00ـى پێشنیوەڕۆ بۆ کاتژمێر 5:00ـى بەیانى.

باسى لەوەشکرد، ئێستە لەسەر ئەو خشتەیە رێککەوتوون، بەڵام پێدەچێت لەداهاتوودا گۆڕانکاریى بەسەردابێت.

لەبارەى ئەوەى ئایا کارەبا 24 کاتژمێرى دەبێت لەمانگى رەمەزاندا گوتى، مانگى رەمەزان لەساڵانى پێشوودا 24 کاتژمێر نەبووە و ئەمساڵیش نابێت، بەتایبەتى کە ئێستا کارەباى نیشتمانى کەمیکردووە.

بەگوتەى سەرۆکى کۆمەڵەى مۆلیدە ئەهلییەکانى سلێمانى، ئەگەرى هەیە لەمانگى رەمەزاندا (8 بۆ 10) کاتژمێر کارەباى نیشتمانى بدرێت، مانگى رابردووش کارەباى نیشتمانى لەنێوان (6 بۆ 6 کاتژمێر و 30 خولەک) بووە.