لە ئۆپراسیۆنی بۆزدۆغان -11دا 33 ئەندامى داعش لە تورکیا دەستگیرکران

ئۆپراسیۆنى هێزە ئەمنییەکانى تورکیا. فۆتۆ: AA

وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، لە ئۆپراسیۆنی بۆزدۆغان - 11دا، بۆ سەر شانە نوستووەکانى داعش 33 گومانلێکراو دەستگیرکران.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 10ـى ئازارى 2024، عەلی یەرلیکایا، وەزیرى ناوخۆى تورکیا، لە راگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، "لەپێناو ئارامی و یەکێتیی و یەکڕیزی وڵاتەکەمان، تاوەکو لە چالاکی خستنی دوایین تیرۆریست پێداگرانە بەردەوامدەبین لەسەر خەباتەکەمان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر".

وەزیری ناوخۆی تورکیا باسیلەوەشکردووە، بەهەماهەنگی لەگەڵ سەرۆکایەتی هەواڵگریی لەبەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئاسایش و سەرۆکایەتی فەرمانگەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لەپارێزگاى ساکاریا، ئۆپراسیۆنیان بۆ سەر شانە نوستووەکانى رێکخراوی داعش ئەنجامداوە.

بەگوێرەى راگەیەندراوەکەى عەلى یەرلیکایا، لە ئۆپراسیۆنەکەدا 33 گومانلێکراو دەستگیرکراون و دەستیش بەسەر کۆمەڵێک چەک و تەقەمەنی و بەڵگەنامەدا گیراوە.