کەناڵ8 ناوى ئەو وەزارەت و دامەزراوانە ئاشکرا دەکات کە بەغداد مووچەى بۆ نەناردوون

دیناری عێراقی. فۆتۆ: حەمەسوور - کەناڵ8

پاشئەوەى بەغداد بڕیاریدا بە تەمویلکردنى مووچەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان بۆ مانگى شوبات، بەهۆى کێشە لەو لیستەى ئاڕاستەى بەغداد کرابوو پارەى مووچەى بەشێک لەوەزارەت و سەرۆکایەتى و دەزگاکانى هەرێمى کوردستان تەمویلنەکراوە.

سەرچاوەیەکى باڵاى وەزارەتى دارایی و ئابوورى هەرێمى کوردستان بە کەناڵ8ـى راگەیاند، بەغداد پارەى بۆ مووچەى سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان، وەزارەتى پێشمەرگە، ئەنجوومەن و دەزگاى ئاسایش، بەشێک لەوەزارەتى ناوخۆ تەرخاننەکردووە.

سەرچاوەکە گوتیشى، "ئەو بەشەى وەزارەتى ناوخۆ کە مووچەیان بۆ تەمویل نەکراوە هێزەکانى پێشمەرگەى زێرەڤانین کە لەرووى میلاکەوە لەسەر وەزارەتى ناوخۆن".

سەرچاوەکەى وەزارەتى دارایی باسى لەوەشکرد، هەموو ئەوانەى پارەیان بۆتەرخاننەکراوە، لە لیستى مووچە تەنیا ئاماژە بەژمارەى کارمەند و کۆى مووچەى دامەزراوەکە کراوە نەک ناوى میلاک و بڕى مووچەکانیان بەگوێرەى ئەو لیستەى بەغداد داوایکردبوو.

مووچەخۆرو فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان لەساڵى 2024 تەنیا یەک مووچەیان وەرگرتوە و تاوەکو ئێستا هیچ وادەیەک بۆ دابەشکردنى مووچەى مانگى ئادار دیارینەکراوە.