سەرچاوەیەک بۆ کەناڵ8: مووچە نادرێت تاوەکو بەغداد پارەی دەزگا ئەمنییەکانیش نەنێرێت

دیناری عێراقی فۆتۆ: کەناڵ8

سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە کەناڵ8ی راگەیاند لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا بڕیاردرا مووچە دابەشنەکرێت تاوەکو لە بەغدادەوە پارەی دامودەزگا ئەمنییەکان دەنێردرێت.

حکومەتى هەرێمى کوردستان لەکۆبوونەوەى رۆژی چوارشەممەیدا بڕیاریدا مووچە دابەشنەکات تاوەکو بەغداد تەمویلى وەزارەت و دام و دەزگا ئەمنیى و سەربازییەکانیش دەکات.

سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان بە کەناڵ8ی راگەیاند، حکومەتى هەرێمى کوردستان لەکۆبوونەوەى ئەمڕۆیدا بڕیاریداوە مووچەى فەرمانبەران دابەشنەکات تاوەکو بەغداد تەمویلى وەزارەت و دام و دەزگا ئەمنیى و سەربازییەکانیش دەکات.

سەرچاوەکە گوتیشى: "لەکۆبوونەوەکە بڕیاردراوە بەفەرمى داواى روونکردنەوە لە بەغداد بکرێت سەبارەت بەهۆکارى نەناردنى مووچەى دامودەزگا سەربازییەکان".

کەناڵ8 زانیوێتی، پێشنیازێک هەبووە کە شاندێکى باڵا بچێتە بەغداد لەگەڵ خودى محەمەد شیاع سودانى، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ چارەسەرکردنى گرفتەکانى پەیوەست بەمووچە کۆببێتەوە.

وەزارەتى دارایی هەرێمى کوردستان لیستى مووچەى سەرجەم مووچەخۆرانى بۆ مانگى شوبات ئاراستەى بەغداد کرد، بەڵام بەغداد تەنیا تەمویلى مووچەى دامودەزگا شارستانییەکانى کرد و تاوەکو ئێستا تەمویلى مووچەى دامەزراوە سەربازى و ئەمنییەکان نەکراوە.