وەزارەتى بەرگریى تورکیا: لە بەغداد باس لە ئاسایشی سنوورەکان دەکەین

لۆگۆی وەزارەتی بەرگریی تورکیا

وەزارەتى بەرگریى تورکیا راگەیەندراوێکی لەبارەی کۆبوونەوەی لوتکەی ئەمنیی نێوان عێراق و تورکیا لە بەغداد بڵاوکردەوە و دەڵێت، "لە بەغداد باس لە ئاسایشی سنوورەکان دەکەین،"

بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی وەزارەتى بەرگریی تورکیا لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆى شاندى تورکیا و عێراق باس لە هەماهەنگى سەربازیى و ئەمنیی هەردوولا دەکرێت و تەوەرێکى دیکەش بەرەوپێشبردنى هەماهەنگییەکانی هەردوولایە "بۆ رووبەڕووبونەوەى پارتی کرێکارانی کوردستان لە هەرێمی کوردستان".

بەگوێرەی راگەیەندراوی وەزارەتى بەرگریی تورکیا، بابەتێکی دیکەی لوتکەکە گفتوگۆکردنە لەبارەی پاراستنى ئاسایشى سنوورەکانى نێوان هەردوو وڵات و باسی بابەتی وزەش دەکرێت.

چەند رۆژێک پێش ئێستا لە سنووری هەرێمی کوردستان، فەرماندەی دووی سوپای تورکیا، هێزەکانی پاسەوانی سنوور و هێزەکانی پێشمەرگە کۆبوونەوە، لەوبارەیەوە وەزارەتی بەرگریی دەڵێت، لەکۆبوونەوەکەدا باس لە زیادکردنی هەماهەنگییەکان بۆ زیاترکردنی ئاسایشی هاوڵاتییان و سنوورەکان کراوە و کۆبوونەوەکانیش لەگەڵ هێزە سەربازییەکانى عێراق لەسەر سنوور بەردەوام دەبێت.

ئەمڕۆ کۆبوونەوەی ئەمنیی عێراق و تورکیا لە بەغداد بەڕێوەدەچێت و شاندی تورکیا بریتین لە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا و یەشار گویلەر، وەزیری بەرگریی تورکیا و ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا (میت).

ئامانجێکی دیکەی کۆبوونەوەکە جگە لە زیاترکردنی هەماهەنگییەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی پەکەکە، ئامادەکارییە بۆ سەردانەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان کە بڕیارە مانگی داهاتوو ئەنجامدرێت.