وەزیری دەرەوەی سوید: داعشە سویدییەکان لە سووریا وەرناگرینەوە

ژنە دەستگیرکراوێکی داعش لەناو کامپی هۆڵ لە سووریا فۆتۆ: AP

وەزیری دەرەوەی سوید رایگەیاند، منداڵ و گەورەساڵانی سوید لە کەمپەکانی دەستبەسەرکراوانی داعش لە باکووری رۆژهەڵاتی سوریا ناگەڕێنێتەوە وڵاتەکەی.

تۆبیاس بیلسترۆم دەڵێت: "ئەو هاوڵاتییە سویدییانەی لە کەمپەکان یاخود ناوەندەکانی دەستبەسەرکردندان لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا کار بۆ گەڕانەوەیان ناکرێت".

ناوبراو زیادی کرد: ستۆکهۆڵم هیچ ئەرکێکی یاسایی لەسەر نییە کە هەنگاو بنێت بۆ گەڕاندنەوەی ئەو کەسانە بۆ سوید، کە ژنان و منداڵ و پیاویش دەگرێتەوە.

زیاتر لە 43 هەزار کەس لە کامپی هۆڵ لە سووریا راگیراون کە لەلایەن هێزەکانی سووریای دیموکراتەوە بەڕێوەدەبرێت، لەوانە سووری و عێراقی و بیانییەکانی 45 وڵات کە سەرجەمیان ئەندامی داعش یاخود خێزانەکانیانن.

بەگوتەی بیلسترۆم، سویدییەکان لە کامپی هۆڵ "دەرفەتیان بۆ ڕەخساوە کە بێنە سوید، بەڵام چەندینجار رەتیانکردووەتەوە".
بەگوێرەی راپۆرتی کەناڵی 4ی سویدی، لە ئێستادا کەمپەکانی دەستبەسەرکراوانی جیهادییەکان، پێنج منداڵی سویدی و دایکیان لەخۆگرتووە، دە پیاویش لە زیندانەکانی ئەو کامپانە بەندن کە سویدین.

بەگوتەی وەزیری دەرەوەی سوید، گەڕاندنەوەی ئەو کەسانە کاردانەوەی لەسەر دۆخی ئەمنیی سوید دەبێت پاساوە بۆ بڕیاری نەگەڕانەوەی هیچ کامیان.

لە کۆتاییدا گوتی: "ناتوانین ئەو ئەگەرە رەتبکەینەوە کە هاوڵاتییە پێگەیشتووەکانی سوید و ئەو کەسانەی پەیوەندییان بە سویدەوە هەیە کە هێشتا لە کەمپەکان یان ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن لە باکووری رۆژهەڵاتی سوریادان، ئەگەر بگەڕێنەوە مەترسی لەسەر ئاسایشی سوید دروستبکەن".