لە ئاوی ئیجە 22 کۆچبەر خنکان کە حەوتیان منداڵن

شوێنی رووداوەکە فۆتۆ: AFP

دەسەڵاتدارانی تورکیا رۆژی هەینی رایانگەیاند، لانیکەم 22 کۆچبەر کە 7 منداڵیان تێدایە، بەهۆی وەرگەڕانی بەلەمە چووپەکەیانەوە لە دەریای ئیجە لە کەناراوەکانی باکووری رۆژئاوای تورکیا، خنکاون.

پارێزگای جانکایلا لە راگەیەندراوێکیدا رایگەیاند: "تەرمی 22 کەس دۆزراوەتەوە کە حەوت منداڵیان پێبووە".

بەلەمەکە کە کۆچبەرەکانی هەڵگرتبوو لە کەناراوەکانی ئێدجیبات- گۆکچەدا لە ئاوەکانی تورکیا کە نزیکەی 50 کیلۆمەتر لە دوورگەی لێمنۆسەوە دوورە، وەرگەڕاوە.

تاوەکو ئێستا رەگەزنامەی قوربانییەکان نادیارە.

حکومەتی تورکیا رایگەیاندووە، هێزەکانی پاسەوانی کەناراوەکانی تورکیا دوو کەسیان رزگار کردووە، دوو کۆچبەری دیکەش توانیویانە بە تەنیا لە ئاوەکە دەربچن.

لە ئۆپراسیۆنەکانی گەڕان و رزگارکردندا فڕۆکەیەک و دوو هێلیکۆپتەر و فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان و 18 بەلەم و 502 کەس بەشدارییانکردووە.

لە ناوەڕاستی مانگی نۆڤەمبەری ساڵی پاردا، چەند کۆچبەرێک بەلەمەکەیان لە کەناری پارێزگای ئیزمیر کە دەکەوێتە بەرامبەر دوورگەکانی کیۆس و سامۆسی یۆنان، نقووم بوو، لانیکەم پێنج کەس گیانیانلەدەستدا.

بەگوێرەی ئاماری رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچبەران، لە ساڵی 2023 زیاتر لە سێ هەزار کۆچبەر لە دەریای ناوەڕاستدا خنکاون، ئەوەش زۆرترین ژمارەی کۆچبەرە لە ساڵی 2017ەوە، لە مانگی یەکەوە تاوەکو ئێستا 360 کۆچبەر گیانیانلەدەستداوە یان بێسەروشوێنن، بەگوێرەی هەمان سەرچاوە.

لە راپۆرتێکدا کە لە سەرەتای مانگی ئازاردا بڵاوکرایەوە، ئەنجوومەنی ئەوروپا بۆ پەنابەران و بێلانەکان هۆشداریدا لە زیادبوونی ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی لە تورکیاوە دەگەنە دوورگەکانی یۆنان.