فەرماندەی هێزی وشکانیی تورکیا سنوورەکانی عێراق بەسەردەکاتەوە

هێلیکۆپتەرێکی تورکیا بەسەر ئاسمانی هەکارییەوە فۆتۆ: AP

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی وەزارەتی بەرگریی تورکیا، فەرماندەی هێزی وشکانیی سوپا لە پارێزگای شێرناخ لە باشووری رۆژهەڵاتی تورکیا، یەکە سەربازییەکانی وڵاتەکەی بەسەر کردووەتەوە.

لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی بەرگریی تورکیادا هاتووە "سەلجوق بەیرەقدار ئۆغڵو، فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی پیادە هێزەکانی سوپای وڵاتەکەی بەدرێژایی جێگیر بوونیان لەسەر سنووری نێوان تورکیا و عێراق لە پارێزگای شێرناخ بەسەرکردووەتەوە".

رۆژی پێنجشەممە، 14ی ئەم مانگە، عێراق و تورکیا لە راگەیەندراوێکى هاوبەشدا دوای کۆبوونەوەیان لەشاری بەغدای پایتەختی عێراق، جەختیان لەوە کردەوە، پارتی کرێکارانی کوردستان بووەتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی هەردوو لایان.

لە راگەیەندراوە هاوبەشەکەدا "باس لە ئامادەکارییەکانی سەردانەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە دوای مانگی رەمەزان بۆ عێراق کراوە تاوەکو سەردانەکە سەرکەوتوو بێت".

جەخت لەوەکراوەتەوە، پارتی کرێکارانی کوردستان هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی عێراق و تورکیا و بوونى لەناو خاکى عێراقدا پێشێلکردنى دەستوورى وڵاتە.

بەیاننامەی هاوبەشی تورکیا-عێراق لەدوای کۆبوونەوەکانی بەغدا ئاماژەی بەوە کردووە "تورکیا بە خۆشحاڵییەوە پێشوازی لەو بڕیارە دەکات کە ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەریکرد لەبارەی ئەوەی پەکەکە رێکخراوێکی قەدەغەکراوە لە عێراقدا".

لە کۆبوونەوەکاندا جەخت لە یەکگرتوویی سیاسیی، سەروەریی و یەکێتیی خاکی عێراق کراوەتەوە، جەخت لەوە کرایەوە کە پارتی کرێکارانی کوردستان هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی عێراق و تورکیا.

بەگوێرەی راگەیەندراوە هاوبەشەکە، بوونی پەکەکە لە خاکی عێراق پێشێلکردنی دەستووری عێراقە.

لە کۆبوونەوەکاندا راوێژ لەبارەی ئەو رێکارانە کراوە کە پێویستە دژی پەکەکە و درێژکراوەکانی بگیرێتەبەر کە خاکی عێراق بۆ بەئامانجگرتنی تورکیا بەکاردەهێنن و هەردوولا لەبارەی بەردەوامیی گفتوگۆ و کۆبوونەوەکان رێککەوتن، وەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە.

رۆژی پێنجشەممە، 14ـى ئازارى 2024، شاندی باڵای تورکیا بۆ بەشداریی لە لوتکەی ئەمنیی هەردوو وڵات گەیشتنە بەغداد، شاندەکەی تورکیا پێکهاتوون لە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا و ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا (میت).

شاندی عێراقیش پێکهاتوون لە فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوە، سابت محەممەد سەعید، وەزیری بەرگریی، قاسم ئەعرەجی، راوێژکاریی ئاسایشی نیشتمانی و فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، هاوکات رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بەشداری لە کۆبوونەوەکەدا کرد .

چەند رۆژێک پێش ئێستاش لە سنووری هەرێمی کوردستان، فەرماندەی دووی سوپای تورکیا و هێزەکانی پاسەوانی سنوور و هێزەکانی پێشمەرگە کۆبوونەوە، لەو بارەیەوە وەزارەتی بەرگریی تورکیا دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە زیاترکردنی هەماهەنگییەکان بۆ زیاترکردنی ئاسایشی هاوڵاتیان و سنوورەکان کراوە و کۆبوونەوەکانیش لەگەڵ هێزە سەربازییەکانى عێراق لەسەر سنوور بەردەوام دەبن.