کەناڵ8 ناوەڕۆکی لوتکەی ئەمنیی عێراق و تورکیا ئاشکرا دەکات

کۆبوونەوەى شاندى عێراق و تورکیا لە بارەگاى وەزارەتى دەرەوەى عێراق لە بەغداد. فۆتۆ: AA

سەرچاوەیەک لە سەرۆکایەتى کۆمارى عێراق بە کەناڵ8ـی راگەیاند، لە کۆبوونەوەى 14ى ئەم مانگەى شاندى عێراق و تورکیا، عێراق بە شاندەکەى راگەیاندووە، دەرفەت بۆ دانوستان ماوە ئەگەر تورکیا ئۆپەراسیۆنى سەربازی و هێرشى فڕۆکە بێفڕۆکەکان لەسەر خاکى هەرێمى کوردستان رابگرێت.

ئەو سەرچاوەیە راشیگەیاند، ئەنقەرە پێداگریى لەسەر ئەوە کردووە، ئۆپەراسیۆنەکان فراوانتر دەکەن بۆ ئەو ناوچانەى پێویستیان پێیەتی و پارتى کرێکارانى کوردستان کردوویەتى بە مەترسى بۆسەر ئاسایشى نەتەوەیی وڵاتەکەیان، نیازی خۆشیان بۆ دەستپێکردنی هەڵمەتی سەربازی لە رێگەی وشکانی و ئاسمانییەوە نیشانداوە.

بە گوێرەى زانیارییەکانى کەناڵ8، لەسەر مێزی ئەمنی باس لە پرسە بنەڕەتییەکان کراوە لەناویاندا دانپێدانانی بەغداد بە پارتی کرێکارانی کوردستان وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی، هەروەها پرسی ئاوی رووبارەکانی دیجلە و فورات.

هەر بەگوێرەى زانیارییەکان، عێراق پرسى ئەمنى و پرسى ئاسایشى ئاوى کردووە بە یەک پاکێج و بەغداد دەیەوێت بە گۆڕینەوەی فایلی ئاو بە فایلی ئەمنی، دەستکەوتی ئاوى زیاتر بەدەستبهێنێت و خۆى لە مەترسییە زۆرەکانى گۆڕانى کەشوهەوا بپارێزێت.

عێراق دەیەوێت پەیوەندیی ئەمنی و سەربازیی خۆی لەگەڵ تورکیا رێکبخاتەوە، بەتایبەتی بوونی بنکە و بارەگاکا سەربازییەکانى تورکیا کە بووەتە گرفت بۆ عێراق و هەرێمى کوردستان.

رۆژی پێنجشەممە، 14ـى ئازارى 2024، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، یەشار گویلەر، وەزیری بەرگریی تورکیا و ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا (میت) بۆ بەشداریی لە لوتکەی ئەمنیی هەردوو وڵات گەیشتنە بەغداد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەمنیی عێراق کۆبوونەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوی پاش کۆبوونەوەکە، "تورکیا بە خۆشحاڵییەوە پێشوازی لەو بڕیارە دەکات کە ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەریکرد لەبارەی ئەوەی پەکەکە رێکخراوێکی قەدەغەکراوە لە عێراقدا".