/

سپەیس ئێکس تۆڕێکی مانگی دەستکردی سیخوڕی بۆ دەزگای هەواڵگری ئەمریکا دروستدەکات

لۆگۆی سپەیس ئێکس

پێنج سەرچاوەی ئاگادار بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزیان راگەیاندووە، کۆمپانیای سپەیس ئێکس تۆڕێک لە سەدان مانگی دەستکردی سیخوڕی بۆ دەزگایەکی هەواڵگریی ئەمریکا دروستدەکات.

ئاژانسەکە لە زاری سەرچاوەکانییەوە رایگەیاندووە، بەگوێرەی گرێبەستێکی نهێنی لەگەڵ دەزگایەکی هەواڵگری ئەمریکا پرۆژەکە جێبەجێدەکرێت، ئەمەش قووڵبوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان کۆمپانیای بۆشایی ئاسمانی "سپەیس ئێکس"، کە ملیاردێری بەناوبانگ "ئیلۆن ماسک" خاوەندارێتی دەکات و دەزگاکانی ئاسایشی نیشتمانی نیشاندەدات.

سەرچاوەکانی رۆیتەرز ئاماژەیان بەوەشکردووە، تۆڕەکە لەلایەن یەکەی بازرگانیی ستارشیڵدی کۆمپانیای سپەیس ئێکسەوە دروستدەکرێت و بەگوێرەی گرێبەستێکی 1.8 ملیار دۆلاری کە لە ساڵی 2021دا لەگەڵ فەرمانگەی هەواڵگری نیشتمانی ئەمریکا NRO واژۆکراوە و دەزگایەکی هەواڵگریی مانگە دەستکردە سیخوڕییەکان بەڕێوەدەبات.

پلانەکان رادەی بەشداریکردنی سپەیس ئێکس لە پرۆژەکانی هەواڵگری و سەربازیی ئەمریکادا و وەبەرهێنانێکی قووڵتری پنتاگۆن لە سیستمی مانگی دەستکردی فراوان و نزمدا نیشان دەدەن کە بە دەوری زەویدا دەسووڕێنەوە و زانیاری بۆ پشتگیریکردنی هێزە زەمینییەکان دەگوازنەوە.

سەرچاوەکانی رۆیتەرز دەڵێن، ئەگەر ئەم پرۆژەیە سەرکەوتوو بێت، بەرنامەکە توانای حکومەت و سوپای ئەمریکا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرەوپێش دەبات، بەمەش دەتوانن بەخێرایی ئامانجە پێشبینیکراوەکان لە هەر شوێنێکی جیهان دەستنیشان بکەن.

_