ئاهەنگی نەورۆز لە باکووری کوردستان و تورکیا بەڕێوەدەچێت

وێنەی ئاهەنگەکە لە ئیستانبوڵ فۆتۆ: ئەرجان داغ

بەبەشداریی بەرپرسانی دەم لە شارەکانی باکووری کوردستان و چەند شارێکی تورکیا، ئاهەنگی نەورۆز بەڕێوەدەچێت.

ئەمڕۆ لە شارەکانی وان، شرنەخ، جولەمێرگ، ئارداهان، عەنتاب، کۆجاعەلی، بورسا و ئیزمیر ئاهەنگی نەورۆز بەرێوەدەچێت. بڕیارە لە ئاهەنگەکەی وان تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانیی و دیموکراسیی گەلان (پارتی دەم) بەشداری بکات و وتار پێشکەشبکات.

تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی دەم و چەند سەرکردەیەکی دیکەش لە ئاهەنگی گەورەی ئیستانبوڵ بەشداردەبن.

ئاهەنگی گەورەی نەورۆز، وەک ساڵانی رابردوو لە 21ی مانگ لە شاری دیاربەکر بەڕێوەدەچێت و سەدان هەزار کەس بەشداری تێدا دەکەن و دوایین ئاهەنگیش لە 25ی ئازار لە پارێزگای ئاگری و بە ئامادەبوونی باکرهان بەڕێوەدەچێت.