یاریگەی جۆسیپی میاتزا یارییەکی بەهێز لەخۆدەگرێت

یاریزانانی یانەی ئینتەرمیلان. فۆتۆ: AP

ئەمشەو یاریگەی جوسێپی میاتزا یەکێک لە بەهێزترین یارییەکانی ئەم وەرزەی سێریا ئەی لە خۆدەگرێت، دوو یانەی بریندار کە پێکهاتوون لە ئینتەر میلان و ناپۆلی لە مەیدانێکی 105 مەتریدا ناچارن کێبڕکێ بکەن و داهاتووی خۆیان لە خولەکە یەکلایی بکەنەوە.

ئینتەرمیلان لە دوایین یاریی چامپیۆنزلیگ لەسەر دەستی ئەتلەتیکۆ مەدریدی ئیسپانی کرایە دەرەوە، بەم ئەنجامەش کۆتایی بە زنجیرەی سەرکەوتننەکانیان هات کە 13 یاری بوو لەسەرجەم خول و پاڵەوانییەتییەکان بەردەوامبوو، بەڵام شکۆمەندی یانەکە لە خولی ئیتاڵیا هەروا بەئاسانی کۆتایی نایەت، بەوپێیەی 22 یارییە هیچ یانەیەک بوێری ئەوەی نەبووە بەسەریاندا سەربکەوێت و بە جیاوازیی 16 خاڵ پێشەنگیی گرتووە.

هێشتا ریکۆردەکانی ئینتەری ئینزاگی کۆتایی نەهاتووە و هیوایەک لەچاوی یاریزانەکانییەوە دەبینرێت، چانسی ئەوەشیان هەیە بەرامبەر ناپۆلی لە سێریا ئەی درێژە بە زنجیرەی سەرکەوتنەکانیان بدەن، کە 10 یارییە بەردەوامە و سێیەمجارە لە مێژووی یانەکەدا ریکۆدێکی هاوشێوە تۆماردەکرێت.

سیمیۆنی ئینزاگی، راهێنەری یانەی ئینتەرمیلان. فۆتۆ: AP

ئینتەر هەر لەم وەرزەدا دووجار بەسەر ناپۆلیدا سەرکەوتووە، لە دوایین لە دوایین 11 رووبەڕووبوونەوەشدا توانیویەتی حەوتجار بەسەر یانەکەی مارادۆنادا سەربکەوێت.

ناپۆلیش سەرباری هەموو کێشەکانی ئەم وەرزەی، لەگەڵ فرانچیسکۆ کالزۆنای ڕاهێنەری نوێدا رێگە راستەکەی گرتوووە و لە دوایین چوار یاریی سێریا ئەی توانیویەتی 10 گۆڵ تۆماربکات، بەڵام ئەمشەو پێویستی بە باشترین ئاستی خۆی دەبێت بۆ ئەوەی ئەنجامێکی باش بەرامبەر یانەی خانەخوێ تۆمار بکات، کە تاوەکو ئێستا هیچ یانەیەک ئەو کۆدەی نەدۆزیوەتەوە کە پێکهاتەکەی سیمۆنی ئینزاگی دەخاتە ماترێکسی شکستەوە.