چەند یانەیەک لە سێریا بی سەردەکەون بۆ سێریا ئەی

ئینتەر میلان هەفتەیەک زیاترە پێشەنگی خولی ئیتاڵیای یەکلاییکردووەتەوە و هاندەرانی یانەکە دوای سەرکەوتن بەرامبەر تۆرینۆ لە پیازا دومۆ ئاهەنگی بوون بە پاڵەوانیان گێڕا، ئەی سی میلان و یوڤێنتۆسیش کێبڕکێیانە بۆ بەدەستهێنانی خانەی دووەم و یانەکانی ئیتاڵیا توانیویانە بۆ وەرزی داهاتوو سوود لە سەرکەوتنەکانیان وەربگرن و بە پێنج کورسییەوە بەشداریی لە چامپیۆنزلیگدا بکەن.

یانەکانی ئینتەر، میلان، یوڤێنتۆس، بۆلۆنیا و رۆما بە ئەگەرێکی زۆرەوە بەشداریی چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو دەکەن، دوو یانەش سەردەکەون بۆ یورۆپالیگ و بەم جۆرە هاوکێشەی پاڵەوانەکان کۆتاییدێت، ئەوەی لەئێستاوە دەستپێدەکات شەڕی مان و نەمانی یانەکانی ژێرەوەی ریزبەندییە، سالێرنیتانا بەتەواوی تێکشکاوە و دابەزینی مسۆگەرە، یانەکانی ئودینێزی و ساسولۆش بە هەمانشێوە لەژێر هێڵە سوورەکەوەن و ئەگەر فریای خۆیان نەکەون، ئەوانیش وەرزی داهاتوو دادەبەزن بۆ خولی پلە یەک.

ناکرێت لە شەو و رۆژێکدا ببینە بەرشلۆنە، پێویستە لەسەرەتاوە فێربین بچینە یاریگەی رکابەران و بەبێ ترس یاریبکەین، ئەوەی دەمێنێتەوە هەنگاو بە هەنگاو دێتە پێش، رووبەڕووی رکابەری بەهێز دەبینەوە و باشترە ببینە یانەیەکی هێرشبەر.

فابیۆ کانەڤارۆ، راهێنەری یانەی ئودینێزی.

لەلایەکی دیکەوە لە خولی پلە یەک رووداوی گەورە روودەدات، پارمای مێژوویی جارێکی دیکە یەکەمە و دەگەڕێتەوە بۆ سێریا ئەی، میوانێکی نوێ و راهێنەرێکی ناسراویشی لەگەڵ خۆیدا هێناوە، ئەویش یانەی کۆمۆیە کە لەلایەن سێسک فابریگاسی ئەستێرەی پێشووی ئیسپانییەوە سەرپەرشتی دەکرێت.

ئێمە بۆ پێشەوە پاڵدەنێین، دیدگایەکی ڕوونمان هەیە و دەزانین کە دەمانەوێت بەرەو کوێ بچین،  دەمانەوێت چی بەدەستبهێنین، دەبێت ڕێز لە پلانە داڕێژراوەنمان بگرین، لێرە خێزانێک هەیە زۆر بەجدی کاردەکات، با بزانین لەکۆتاییدا بەچی دەگەین.

سێسک فابریگاس، یاریدەدەری راهێنەری یانەی کۆمۆ.

هەر لە سێریا بی، یانەکانی ڤینیزیا، کریمۆنێزی، کاتانزارۆ، پالێرمۆ، سامپدۆریا و بریشیا، ململانێیانە بۆ بەدەستهێنانی کورسییەکی قۆناغی پاشکۆکان، کە ئەوەش جارێکی دیکە هیوابەخشە بۆ بەدەستهێنانی کورسی سێیەم و سەرکەوتن بۆ خولی پلە یەک، کە لە ئیتاڵیا بە سێریا ئەی ناسراوە.