ئەنچیلۆتی وەڵامی گلەییەکانی تۆخیل و بایرن دەداتەوە

کارلۆ ئەنچیلۆتی و تۆماس تۆخێل.

دوای ئەوەی یانەی ریال مەدرید، قۆناغی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگی بڕی و بایرنی تێپەڕاند، ئێستا یانەی شاهانە لە قۆناغی کۆتایی بەرامبەر دۆرتمۆند دەوەستێت، کە لە یاریگەی وێمبلی شاری لەندەن ئەنجامدەدرێت، بەڵام ئەوەی جێگەی باسە قسەکانی ئەنچیلۆتی، راهێنەری ریال مەدرید و تۆماس تۆخێل، راهێنەری بایرن میونشنە دوای یارییەکە.

هەمیشە چامپیۆنزلیگ و رووبەڕووبونەوەی یانە گەورەکان پڕە لە رووداو و درامای جیاواز، لە دوای هەر یارییەکیش دەبێت لایەنێک گلەیی یان لە ناوبژیوان، یان لە چیمەنی یاریگە، یان رەخنە لە رەتکردنەوەی گۆڵ بگرێت، دوای یارییەکەش هەردوو راهێنەرانی یانەکە، تۆماس تۆخیل و کارلۆ ئەنچیلۆتی وەڵامی رەخنەی یەکدییان دایەوە.

من زۆر دڵتەنگم، چونکە هەموو شتێکمان ئاوا بەجێهێشت، من بە تیمەکەم گووت کە دەبێت یارییەکی پێرفێکت بکەن، چونکە لە مەدرید هەمیشە لە نێو ئەو کەشەدا یارییکردن قورسە، خۆی باش یارییمان کرد و ئەوەی لە تواناماندا بوو کردمان، دەبێت قبوڵی بکەین، بەڵام زۆر تووڕەم لە بڕیارەکانی ناوبژیوان، چونکە کە فیکەی لێدا نەگەڕایەوە سەر بابەتەکە و دڵنیاببێتەوە، بۆیە من دەڵێم ئەوەی ناوبژیوان کردی کارەسات بوو.

تۆماس تۆخێل، راهێنەری بایرن میونشن.

تۆخیڵ لەکۆنفرانسی رۆژنامەوانی گلەیی لە ناوبژیوان و بڕیارەکانی هەیە و دەڵێت گۆڵەکەی کیمیچ نەدەبوو رەتبکرایەوە، ئەنچیلۆتیش زۆر بە توندی وەڵامی دایەوە دەڵێت کاتمان نییە بۆ گلەییەکانی بایرن و بڕیاری ناوبژیوان لە ٪100 درووستبوو.

یاریدەدەری ناوبژیوان ئاڵاکەی هەڵکرد و ناوبژیوانیش فیکەی لێدا ئێمە وەستاین لە یارییکردن، ئەو ناوبژیوانە پێشتر یاریی جامی جیهانی بەڕێوەبردووە و لە ئاستێکی بەرزدایە، ئەگەر بایرن گلەیی هەیە لە بارەی گۆڵەکەیانەوە ئەوا ئێمەش گلەییمان هەیە کە گۆڵەکەی ناچۆ رەتکرایەوە، چونکە پاڵیان پێوەدەنا.

کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید.
کارلۆ ئەنچیلۆتی و تۆماس تۆخێل. فۆتۆ: AP