ئینتەر دەیەوێت ژمارەی ناسناوەکانی لە سێریا ئەی بگەیەنێتە 20 ناسناو

یاریزانانی یانەی ئینتەرمیلان، لە یارییەکەیان بەرامبەر ئیمپۆلی 2024. فۆتۆ: AP

یانەی ئینتەرمیلانی پێشەنگی سێریا ئەی، کە بەجیاوازیی 14 خاڵ لەپێش ئەی سی میلانی پلەی دووەمی ریزبەندییەوەیە، ئەمشەو لە یاریگەی جۆزێپی میاتزا میوانداریی یانەی کالیاری دەکات و بەبردنەوەی سێ خاڵی یارییەکە نێراتزۆری هەنگاوێک لەیەکلاکردنەوەی سکۆدێتۆ نزیکتردەبێتەوە، چونکە تەنیا 18 خاڵی دیکە لە خولەکەدا دەمێنێتەوە، هاوکات بردنەوە لە کالیاری وادەکات ئینتەر ببێتە یەکەم یانە، کە لەدوای 32 یاری 85 خاڵ کۆبکاتەوە لەسەردەمی بردنەوەی سێ خاڵی یارییەکاندا.

ئینتەر لەدوایین هەفتەی سێریا ئەی سێ خاڵی گرنگی لە یانەی ئۆدێنێزی وەرگرت و زنجیرەی یارییە بێشکستەکانی لەخولەکەدا گەیاندە 25 یاری و ئینزاگی نزیکتردەبێتەوە لەوەی بۆ یەکەمجار وەک راهێنەر سۆکدێتۆ بەدەستبهێنێت و ئینتەر ژمارەی ناسناوەکانی سێریا ئەی بگەیەنێتە 20 ناسناو.

نێراتزۆری لە یاریگەی خۆیدا ئەنجامەکانی نمونەییە و لەدوایین 10 یاری رابردووی سەرجەم پاڵەوانییەتیەکان نۆ بردنەوەی بەدەستهێناوە و لە حەوت یارییشدا گۆڵەکەی بە خاوێنی پاراستووە، تیمەکەی سیمۆنی ئینزاگی بەرامبەر کالیاری مێژووییەکی زێڕینی هەیە و هەشت رووبەڕووبونەوەی رابردووی نێوانیان تەنیا بردنەوەی ئینتەری بەخۆیەوەبینیوە.

کالیاری میوانیش، چوار خاڵ لە ناوچەی دابەزینەوە دوورە و تیمەکەی کلاودیۆ رانێری حەوت یارییە تەنیا یەک یاری دووچاری شکستبوون، کە لەگەڵ ناپۆلی یەکسانبوون و بردنەوەیان بەرامبەر ئەتەلانتا بەدەستهێنا، لەبەرئەوە ئامانجی سەرەکی یانەکە پارێزگاریکردنە لەمانەوەی لەخولەکەدا.