مان سیتی ناسناوی پرێمەرلیگی دەوێت و نۆتینگهامیش دەیەوێت لە دابەزین رزگاری بێت

ئەمشەو لەگەڕی 35ی پرێمەرلیگ، یانەی مانچێستەر سیتی لەدەرەوەی یاریگەی خۆی رووبەڕووی یانەی نۆتینگهام فۆرێست دەبێتەوە، ئامانجی هەردوو یانە بەتەواوی جیاوازە، سیتیزن دەیەوێت بەبردنەوەکان زیاتر نزیکبێتەوە لەوەرگرتنەوەی پێشەنگیی ریزبەندیی و بۆ چوارەمجار لەسەریەک ناسناوەکە بەدەستبهێنێت، بەڵام نۆتینگهامی خاوەن یاریگە تەنیا خاڵێک لەناوچەی دابەزینەوە دوورە و شەڕی مانەوە دەکات لەخولەکەدا.

مان سیتی سەرەڕای ئەوەی یارییەک کەمتری ئەنجامداوە لە ئارسیناڵ، بەڵام بەباشی ئاگادارە لەوەی بەدەستهێنانی بردنەوە لە یارییەکانی داهاتووی ناسناوەکەی بۆ یەکلادەکاتەوە و چاوی لەئەنجامەکانی گەنەرز نابێت، ئەوە لەکاتێکدایە سیتیزن 18 یاریی لەسەریەکە لەدەرەوەی یاریگەی خۆی دووچاری شکست نەبووە و دوایین شکستیان دەگەڕێتەوە بۆ دێسێمبەری ساڵی رابردوو بەرامبەر ئەستۆن ڤێلا.

پێموابێت دوو یان سێجار چوومەتە نێو یاریگەکەیان، کەشی ئەوێ زۆر باوەڕپێنەکراوە، لەوانەیە هاندەرانیان زۆرتربێ ئەمجارە، ئەوان وەک ئێمە لە شەڕدان، بۆیە من دەزانم کێبڕکێیەکە چەند گرنگە، بەتایبەت کە ئێڤەرتۆن بردیەوە، ئەوەش بۆ ئەوان باشنییە، بەڵام ئەوەی من خەممە، هێرشبەرەکانیانە، دەبێت کۆنترۆڵیان بکەین چونکە وەک چەکێک وان، هەوڵدەدەین لە نێو ئەو کەشەی ئەوان بیبەینەوە، ئەوەش ئاساییە ئەگەر هاندەرانیان زۆر ئامادەببن، چونکە یاریگەی خۆیانە.

پێپ گواردیۆلا، راهێنەری مان سیتی.

پرێمەرلیگ نزیکدەبێتەوە لەکۆتایی و تەنیا سێ هەفتەی ماوە بۆ ماڵئاوایی، کێبڕکێی ناسناوی ئەم وەرزە لەنێوان مان سیتی و ئارسیناڵدایە، لیڤەرپووڵیش بەهۆی ئەنجامە خراپەکانی هەفتەکانی رابردووەوە بەدەستی خۆی لەکێبڕکێیەکە چووە دەرەوە.

پێپ گواردیۆلا بەباشترین شێوە تیمەکەی ئامادەکردووە و لە یارییەکەی ئەمشەودا ئامانجی ئەوەیە 300 یەمین بردنەوەی خۆی لەگەڵ مان سیتی لە خولەکەدا تۆماربکات، بەوەش دەبێتە پێنجەم راهێنەر لەمێژووی پرێمەرلیگدا ئەو دەستکەوتە بنوسێتەوە.

چی ؟ پشوو بدەین دوای کۆتایی وەرز؟ دەبێت بیری لێبکەمەوە، چونکە بێگومان تیمەکەم ماندووە، کەواتە ئاساییە لە کۆتایی وەرز کاتی ئەوەیان هەبێت پشوو بدەن، بەڵام پێش ئەوە ئەرکێکی دیکەمان هەیە، ئەویش شەڕکردنە بۆ پرێمەرلیگ، خەونێکە و دەبێت بیهێنینە دی، راستە ئەوەمان کرد وەرزی رابردوو و ناسناوەکەمان بەدەستهێنا، بەڵام ئەم وەرزە شتێکی دیکەیە، هەست دەکەم نەتوانین دووبارەی بکەینەوە.

پێپ گواردیۆلا، راهێنەری مان سیتی.

فۆرێست دەیەوێت بەرامبەر سیتی ئەنجامێکی ئەرێنی تۆماربکات، چونکە کاتێک لە یاریگەی خۆی یارییدەکات باڵادەستە و لەدوایین 16 رووبەڕووبونەوەی نێوانیان تەنیا لە سێ یارییدا شکستیهێناوە.

پێپ گواردیۆلا، راهێنەری مان سیتی. فۆتۆ: AP