گواردیۆلا رەخنە لە زۆریی یارییەکان دەگرێت چونکە یاریزانەکانی ماندوو دەکەن

پێپ گواردیۆلا، راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی. فۆتۆ: AP

یانەی مانچێستەرسیتی بەئامانجی وەرگرتنەوەی پێشەنگی پرێمەرلیگ، ئەمشەو لە یاریگەی ئەمریکان ئێکسپرێس دەبێتە میوانی یانەی برایتۆن، هەردوو یانە لەکۆتایی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووەوە بۆ یەکەمجارە رووبەڕوودەبنەوە، کە لەو یارییەدا سیتیزن لەدوایین ساتەکان بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک سەرکەوتنی بەسەر نەورەسەکاندا بەدەستهێنا.

مان سیتی لەدوای سێ رۆژ لە ماڵئاواییکردنە چاوەڕواننەکراوەکەیان بەرامبە ریال مەدرید لە چامپیۆنزلیگ، لە قۆناغی پێش کۆتایی ئێف ئەی کەپ توانی یانەی چێڵسی دووچاری شکستبکات و خۆی گەیاندە یاریی کۆتایی جامەکە و بۆ دووەم وەرز لەسەریەک یاری کۆتایی لەنێوانی دوو جەمسەرەکەی شاری مانچێستەردا بەڕێوەدەچێت.

سیتیزن بەراهێنەرایەتی پێپ گواردیۆلا تەواوی سەرنجیان لەسەر کێبڕکێیەکانی پرێمەرلیگە و دوای ئەوەی لەپلەی سێیەمەوە خۆیان گەیاندە پێشەنگی، ئێستا نایانەوێت پێشەنگییەکە بۆ هیچ کام لەرکابەرەکانیان چۆڵ بکەن، بەڵام ئەرکی ئەمشەویان ئاسان نابێت، ئەمە لە کاتێکدا پێپ گواردیۆلای راهێنەر، گلەیی لە خشتەی یارییەکان دەکات و باسی ئەوە دەکات کە یاریزانەکانی ماندوون بەهۆی یارییەکانەوە.

ئەم وەرزە یاریی زۆرمان ئەنجامداوە و یارییەکانی کۆتاییش کە ماومانە بە هەستیاریەوە ئەنجامی دەدەین، کاتێک رووبەرووی ریال مەدرید بووینەوە، زۆر سەیر بوو، نەمانتوانی بەربەستەکە تێپەڕێنین، لە چامپیۆنزلیگ کراینە دەرەوە لە کاتێکدا زۆر باش یارییمان کرد، دوای دوو سێ رۆژ بێگومان ئێمە ماندووین، نەک تەنیا قاچەکانمان ماندووە، بەڵکو لە رووی هزریشەوە ماندووین.

پێپ گواردیۆلا، راهێنەری مانچێستەر سیتی.

ئەڵماسە شینەکان دەیانەوێت لەم وەرزەدا ریکۆرد تۆماربکەن و بۆ چوارەم وەرز لەسەریەک ناسناوی پرێمەرلیگ بەدەستبهێنن، کە یانەکە ئێستا 42 یارییە لە یاریگەی ئیتیحاد دووچاری شکستنەبووە، بەڵام لەدوایین پێنج هەفتەی پرێمەرلیگ چوار یارییان لەدەرەوەی یاریگەی خۆیان ئەنجامدەدەن و ئەوەش تیمەکەی گواردیۆلا دەخاتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی قورسەوە.

مان سیتی لەیارییەکانی ناوەڕاستی هەفتەی باڵادەستە و لەتێکڕای 19 یاری 17 سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و لەو یارییانەدا 19 خاڵی کۆکردووەتەوە، هاوکات لەسەرجەم رووبەڕووبونەوەکانی بەرامبەر برایتۆن گۆڵی تۆمارکردووە.

ئەم یاریزانانە وەرز دوای وەرز، تەنیا سێ هەفتە ئۆفیان هەیە، یان ئەوپەڕی یەک مانگ، ئەوان ئەوەندە رێستیان نییە تاوەکو خۆیان کۆبکەنەوە، خەڵکیش هێشتا دێت رەخنە دەگرێت و بە من دەڵێن گلەیی دەکەم، بەڵێ وایە من لەسەر یاریزانەکانم دەکەمەوە، دەزانم چی دەڵێم، چونکە من دەبینم یاریزانەکانم ساڵانە بە چیدا تێدەپەڕن، دەزانم توانای مرۆڤ سنوری نییە، بەڵام زانستیش دەڵێت دەبێت مرۆڤ هەندێکجار خۆی چاک بکاتەوە، نەک تەنیا لە رووی جەستەییەوە، بەڵکو لە رووی هزریشەوە.

پێپ گواردیۆلا، راهێنەری مانچیستەر سیتی.
پێپ گواردیۆلا، راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی. فۆتۆ: AP