ئارسیناڵ دەیەوێت بەهەر نرخێک بێت ناسناوی پرێمەرلیگ بەدەستبهێنێت

هاڤێرتز و ترۆسارد، یاریزانانی یانەی ئارسیناڵ. فۆتۆ: AP

یانەی ئارسیناڵ لەپێناو ئەوەی هەنگاوێک لە بەدەستهێنانی یەکەم ناسناوی پرێمەرلیگ نزیکتربێتەوە لە 20 ساڵی رابردوودا، ئەمشەو لەهەفتەی 33ی پرێمەرلیگ، بەئامانجی وەرگرتنەوەی پێشەنگی ریزبەندی لە مانچێستەرسیتی، لەناو یاریگەی ئیماراتس میوانداریی یانەی ئەستۆن ڤێلا دەکات، کە لەلای خۆیەوە چاوی لە مسۆگەرکردنی بلیتێکی بەشداریکردنە لە چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو.

گەنەرز دوای یەکسانبوونەکەی ناو یاریگەی خۆیان بەرامبەر بایرن میونشن لە چامپیۆنزلیگ، دووچاری بێهیواییەکی زۆربوون، بەڵام تۆپچییەکانی لەندەن هیچ کاتێکیان لەبەردەست نییە بۆ بیرکردنەوە لەو یارییە، چونکە دەبێت بەتەواوی سەرنجیانەوە کێبڕکێی بەدەستهێنانی ناسناوی پرێمەرلیگ بکەن، تیمەکەی میکێل ئارتێتا بۆ گەڕاندنەوەی پێشەنگی خولەکە و پارێزگاریکردن لەهیواکانیان بۆ بوونە پاڵەوان، پێویستە لەسەرجەم یارییەکانی داهاتوویاندا بردنەوە بەدەستبهێنن و چاوەڕێی ئەنجامەکانی لیڤەرپووڵ و مان سیتی نەبن.

ترۆسارد و هاڤێرتز، لە یاریی نێوان ئارسیناڵ و بایرن میونشن. فۆتۆ: AP

ئارسیناڵ تەنیا چاوی لەپێشەنگییەوە و 11 یارییە لەسەریەک لە پرێمەرلیگ هیچ یانەیەک نەیتوانیووە گەنەرز دووچاری شکست بکات، هەروەها هێڵی بەرگری یانەکەی باکووری ئینگلتەرا خاوەنی بەهێزترین هێڵی بەرگرییە و لەم وەرزەدا تەنیا 24 گۆڵیان لێتۆمارکراوە، کە لە یاریگەی خۆیاندا 14 یاری کلین شیتیان نوسیووەتەوە، بەڵام لە قۆناغی یەکەم ڤێلا بەگۆڵێکی بێوەڵام گەنەرزی دووچاری شکستکرد، لەبەرئەوە یانە لەندەنییەکە لە یارییەکەی ئەمشەو بە پاڵپشتی هاندەرانی دەیەوێت تۆڵە لە رکابەرەکەی بکاتەوە و بەسێ خاڵی گرنگەوە پێشەنگی ریزبەندی بگرێتەوەدەست.