بەهۆی کەمی لە دایکبوونەوە ئەمریکا ناچارە کۆچبەری زیاتر وەربگرێت

ژمارەیەک کۆچبەر لە کەمێکى راگرتن لەسەر سنوورەکانى ئەمریکا. فۆتۆ: AP

سەرباری ئەو کێشە ئابووریانەی رووبەڕووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بووەتەوە، بەڵام بەگوێرەی راپۆرتی رۆژنامەوانی و لێدوانی بەرپرسانی ئەو وڵاتە، ئەمریکا پێویستی بە کۆچبەری نوێیە.

ماڵپەڕی ئیکسیوس لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، سەرەڕای ئەوەی کۆتوبەندی زیاتر لەبەردەم کۆچ بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دانراوە، بەڵام بەهۆی کەمبوونەوەی لە دایکبوون و گۆڕانکارییە دیمۆگرافییەکان، گەشەی دانیشتوان لەو وڵاتە لاواز بووە، بەوهۆیەشەوە پێویستی بە کۆچبەری نوێ دەبێت.

ماڵپەڕەکە ئاشکرایکردووە، بەهۆی کاریگەرییە ئابوورییەکانی ئەو دوو هۆکارە، حکومەتی ئەمریکا ناچار دەبێت بۆ قەرەبووکردنەوەی کەمووکورتییەکان پێشوازی لە کۆچبەر و  هێزی کاری نوێ بکات .

ماڵپەڕی ئیکسیوس ئاشکرایکردووە،  ژمارەی لەدایکبووان لە ئەمریکا هاتووەتە خوارەوە بۆ نزمترین ئاستی، کە نزیکەی یەک سەدەی تەواوە، نزمبوونەوەی لەو شێوەیەى بەخۆیەوە تۆمار نەکردووە.

لەلایەکی دیکەوە، بەگوێرەی توێژینەوەیەک کە دوو  وەزیری پێشووی گەنجینەی ئەمریکا سەرپەرشتییانکردووە،  ئاماژە بەوەدەکەن، شکست و پاشەکشە لە ژمارەی دانیشتوان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بە گەورەترین مەترسی دادەنرێت لەسەر کەرتی ئابووری بۆ چەند دەیەی داهاتووی وڵاتەکە.

ناوەندە سیاسی و شیکەرەوەکانی ئەمریکا باس لەوەدەکەن، کێشەی کۆچ لە گرنگترین ئەو بابەتانەن کە رووبەڕووی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا دەبێتەوە، لە کاتێکدا تەنيا چەند مانگێکی ماوە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەو وڵاتە.

بەهۆی ئەو کێشەیەوە، کۆمارییەکان هێرشێکی توندیان دەستپێکردووە، بۆسەر ئیدارەی جۆ بایدن، بە مەبەستی هەڵگرتنی کۆت و بەندە سەپێنراوەکانی سەر کۆچ بۆ ئەمریکا، بەتایبەت دوای کۆتاییهاتن بە رێنماییەک، کە رێگە دەدات بە دەستبەجێ دەرکردنی کۆچبەرە نایاساییەکانی ناوخۆی ئەمریکا.

دۆسیەی کۆچ و پەنابەری،یەکێک لەو دۆسییە هەستیارانەیە، کە هەریەکە لە کۆمارییەکان و دیموکراتەکان لە کاتی نزیکبوونەوە لە هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکانی وڵاتەکەیان لە دژی یەکتر بەکاریدەهێنن، بە مەبەستی بەدەستهێنانی دەنگی زیاتر لە هەڵبژاردنەکاندا.

مانگی رابردوو جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی فیدراڵی ئەمریکا، لە گوتەیەکدا لەبەردەم خوێندکارانی زانکۆی ستاتفۆرد رایگەیاند، زیادبوونی هاتنی کۆچبەران بۆ ئەمریکا لە ساڵی رابردوودا، بەلای کەمەوە دەبێتە مایەی دوورخستنەوەی ئابووری ئەمریکا لە پوکانەوە.

بەگوێرە توێژینەوەیەکی نوێش کە لە گۆڤاری "لانسێت" بڵاوکراوەتەوە، لە سەدەی داهاتوودا رێژەی لە دایکبوون بەشێوەیەکی بەرچاو بەرەو کەمبوونەوە دەچێت لە جیهاندا، بەشێوەیەک لە ماوەی 25 ساڵدا ژمارەی دانیشتووان بۆ زیاتر لە دوو لەسەر سێ دابەزین بەخۆیەوە دەبینێت.

بەگوێرەی داتا و زانیارییەکانی ناوەندی کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکان و خۆپارێزی، سەربە وەزارەتی تەندروستی ئەمریکا کە لەم مانگەدا بڵاوکراوەتەوە ئاماژە بەوەدەکات، لەساڵی 2023 دا، نزیکەی سێ ملیۆن و 600 هەزار منداڵ لە دایکبوون، ئەوەش دەریدەخات رێژەی لە دایکبوون لەساڵی 2023دا لە ئەمریکا بە رێژەی لە 2% کەمیکردووە لەچاو ساڵی 2022دا.

لەکۆتایی راپۆرتەکەدا ماڵپەری ئیکسیۆس کە پشتی بەستووە بە راپۆرتی نووسینگەی بودجە لە کۆنگرێسی ئەمریکا رایگەیاندووە، تاوەکو ساڵی 2040، کۆچبەران دەبنە داینەمۆی گەشەی دانیشتووان لە ئەمریکا، چونکە ژمارەی لە دایکبووان بە کەمی دەمێنێتەوە، تاوەکو جێگەی ئەو نەوەیە بگرێتەوە کە بەهۆی نەبوونی کۆچبەرەوە بەرەو کەمبوونەوە چووە.