چاڤی پلەی دووەمی لە یانەی جیرۆنا دەوێت

دوای هەفتەیەکی پڕ لە رووداو و دراما، هەروەها شکستەکەیان بەرامبەر ریال مەدرید و راگەیاندنی مانەوەی چاڤی هێرناندێزی راهێنەر، یانەی بەرشلۆنە ئەمشەو لە گەڕی 33ی لالیگا بەرامبەر ڤالێنسیا یاریی دەکات و ئامانجی وەرگرتنەوەی پلەی دووەمە لە جیرۆنا.

هەفتەی پێشوو، یانە کەتەلۆنیەکە مانەوەی چاڤییان لە پۆستی راهێنەرایەتی راگەیاند، بەو مەرجەی کە یانەکە بۆ وەرزی داهاتوو بارودۆخێکی جێگیر و ستراتیجێکی نوێی هەبێت، هەرچەندە لە 13 یاریی لەسەریەک لە سەرجەم خول و پاڵەوانیەتییەکان، بەرشلۆنە توانی سەرجەمیان بەبێ شکست بەڕێبکات، بەڵام دووچاری دوو شکستی لەسەریەک بوو بەرامبەر پاریس سانجێرمان لە چامپیۆنزلیگ و ریال مەدرید لە یاریی کلاسیکۆ، ئەمەش یاریزانەکانی لە رووی دەروونیەوە روخاندووە.

سەرنجمان لەسەر ئەوەیە کە پلەی دووەمی لالیگا بۆ خۆمان بێت، ئەگەر لێم بپرسن ڤالێنسیا یانەیەکی چۆنە، وەڵامی من ئەوەیە ئەمشەو یارییەکەمان قورسە، چونکە ڤالێنسیا تووندڕەون لە کاتی یاریی، ئەوان راهێنەرێکی نایابیان هەیە، کە باش یانەکەی دەناسێت، ئەو ئەفسانەیەکە، روبن باراخا کارێکی نایابی بۆ یانەکەی کردووە.

چاڤی هێرناندێز، راهێنەری یانەی بەرشلۆنە.

بەرشلۆنە بە تایبەت دوای لەدەستدانی چامپیۆنزلیگ و جامی سوپەری ئیسپانیا، تەنانەت هیچ هیوایەکیشی بە ناسناوی لالیگا نەماوە، چوونکە یانەکە بە جیاوازی 14 خاڵ لە دوای یانەی شاهانەوە، ئەمەش پێمان دەڵێت یانە کەتەلۆنیەکە وەرزێکی بێ ناسناو بەڕێدەکات.

زۆر دڵخۆشم کە وەرزێکی دیکەش دەمێنمەوە، هەروەها لە میزاجێکی باشم و دەمەوێت وەرزی داهاتوو تیمەکە باش ئامادەبکەم، دەیانەوێت وەرزەکە بە هەستێکی باش و بە دەسکەوتی باش تەواوبکەن، ئەوە ئامانجی سەرەکیمانە.

چاڤی هێرناندێز، راهێنەری یانەی بەرشلۆنە.

چاڤی و یاریزانەکانی ئەوەی هەیانە و نیانە تەنیا بەدەستهێنانی پلەی دووەمە، بەڵام یارییەکەیان بەرامبەر ڤالێنسیا ئاسان نییە، شەمشەمە کوێرەکان پلەی هەشتەمی ریزبەندییان گرتووە و لەو یانانەشە دەتوانێت گورزی خۆی بەرامبەر یانە گەورەکان بوەشێنێت، هەروەک چۆن ریال مەدرید و بەرشلۆنەشی تووشی یەکسانبوون کرد، ڤالێنسیا 12 یاریی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بردنەوەی بەدەستهێناوە، بۆیە دەبێت چاڤی زۆر بە حەزەر بێت، بە تایبەت کە کۆتایی وەرزە و یانەکان نایانەوێت بە ئاسانی بکەون.

خوان لاپۆرتا و چاڤی هێرناندێز. فۆتۆ: AP