ئەمشەو دێربی مێرسیسایدە لە نێوان لیڤەرپووڵ و ئێڤەرتۆن

هەفتەی 34ی پرێمەرلیگ، یەکێک لە بەهێزترین یارییەکانی ئەم وەرزە لەخۆدەگرێت، کە دێربی مێرسیسایدە، یانەی لیڤەرپووڵ چەند سەد مەترێک گەشتێکی کورت بۆ ماڵی ئێڤەرتۆنی دراوسێی ئەنجامدەدات.

دراوسێی ئەنجامدەدات.

لیڤەرپووڵ جگە لەوەی هەوڵدەدات پێگەی خۆی لە لووتکەی ریزبەندیی پرێمەرلیگ بپارێزێت، چانسی ئەوەشی هەیە لە دێربی ژمارە 244دا باڵادەستی دووپاتبکاتەوە و یارییەکە لەبەرژەوەندیی خۆی یەکلایی بکاتەوە.

لیڤەرپووڵ تاوەکو ئێستا 99 جار بەسەر دراوسێ شینپۆشەکەیدا سەرکەتوووە، ئیڤەرتۆنیش 67 بردنەوەی تۆمارکردووە و 77 یەکسانبوون لەنێوانیاندا روویداوە.

لەسەرەتاوە لە گرنگی دێربی تێنەدەگەیشتم، دەمزانی بۆ کەسانی دیکە گرنگە و بە درێژایی مێژوو درکم بە قورسی و بەهێزییەکەی کرد، ئەوەی لەرابردوو کردمان تازە گرنگ نییە، ئەوەی گرنگە ئەم یارییەیە، پێویستە جارێکی دیکە هەوڵی سەرکەوتن بدەینەوە.

یۆرگن کلۆپ، راهێنەری یانەی لیڤەرپووڵ.

دێربی ئەمجارە دوایین دەرکەوتنی یۆرگن کلۆپە لە یاریگەی گودیسۆن پارک، لە کۆی 16 دێربی پێشوودا نۆ بردنەوەی بەدەستهێناوە، لە کاتێکدا هیچ ڕاهێنەرێکی "ڕێدز" نەیتوانیوە 10 دێربی مێرسیساید بباتەوە.

یارییەکە بۆ کلۆپ ماڵئاوایی و هاوکات دەرفەتێکیی بەهێزیشە بۆ نووسینەوەی مێژوو، چونکە لە دوای کینی دالگلیشەوە، هیچ ارهێنەرێکی یانە سوورەکە نەیتوانیوە یەکەم و دوایین دێربی مێرسیساید بباتەوە، کلۆپ لە یەکەمدا سەرکەوتووبووە و ئەوەی لەسەریەتی ئەمشەو سەرکەوتنێکی دیکەیە.

یانەکەی کلۆپ لە دوایین 26 دێربی مێرسیساید لە پرێمەرلیگ، تەنیا یەک شکستی هەبووە و 12 سەرکەوتن و 13 یەکسانبوونی تۆمارکردووە، لەدوایین پێنج دێربیشدا چوار سەرکەوتنی تۆمارکردووە و لەو چوار سەرکەوتنەشدا گۆڵەکەیان بە خاوێنی پاراستووە.

من باش ئاگاداری هەموو ئەو تۆمارانەم کە خەڵک بەردەوام پێم دەڵێن، بەوپەڕی پەرۆشییەوە چاوەڕێی یارییەکەم، دێربی یارییەکی گرنگە بۆ ئەو هاندەرانەی کە لێرە و لەنێو قوڵایی کێبڕکێکەدا ژیاون، لەوە تێدەگەم، بەڵام من لێرە گەورە نەبووم بۆیە ئەو قووڵایی تێگەیشتنەم نابێت.

شین دایش، راهێنەری ئێڤەرتۆن.

لە بەرامبەردا بلوز، لەدواین دوو یاریی ڕابردووی پریمەرلیگ لە یاریگای خۆیدا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و لە هەردوو یارییەکەشدا گۆڵەکەی بە خاوێنی هێشتۆتەوە، ئەمجارەش جەنگەکە لەنێوان دوو جەمسەری شارەکەدایە، کە یەکەمیان شەڕی یەکەمی دەکات و دووەمیشیان بە 30 خاڵەوە دۆخی وێرانە و شەڕ بۆ ئەوە دەکات نەکەوێتە ژێر هێڵی دابەزینەوە.