کەشناسیى عێراق: لێزمەباران دەبارێت

بارانبارین لە یەكێك لە شەقامەكانی شاری سلێمانی. فۆتۆ: حەمەسوور - كەناڵ8

دەستەی کەشناسیی عێراق خشتەی کەشوهەوای ئەمڕۆ و دوو رۆژی داهاتووی بڵاکردەوە و رایگەیاند "پاڵەپەستۆیەکی نزم روو لە عێراق دەکات و دەبێتە هۆی بارانباراین و ئەگەرى دروستبوونى لافاو لە ناوچە سنوورییەکانی رۆژهەڵاتی عێراق".

بەشی پێشبینیەکانی دەستەی کەشناسی عێراق بڵاویکردەوە، رۆژی دووشەممە، ئاسمانی عێراق نیمچەهەور بۆ هەوری تەواو دەبێت و ئەگەرى نمە باران لە هەندێک ناوچە هەیە، لە باشووری عێراق پلەکانی گەرما لە نێوان 33 بۆ 37 پلەدا و لەناوەندی عێراق لە نێوان 35 بۆ 37 پلە دەبێت، هەروەها لە هەرێمی کوردستان و باکووری عێراق پلەکانی گەرما 34 بۆ 36 پلە دەبێت.

بەگوێرەى پێشبینی بەڕێوەبەرایەتییەکە، پلەى گەرما لە رۆژانی داهاتوودا لە ناوچەکانى باشوورى عێراق لە نێوان 33 بۆ 37 پلەى سیلیزى دەبێت، لە ناوەندی عێراقیش 35 بۆ 37 و لە باکوور و هەرێمى کوردستان 34 بۆ 36 پلە دەبێت، لەکاتێکدا رۆژی 26ى نیسان بۆ یەکەمجار لەمساڵدا پلەى گەرما لە 10 پارێزگاى عێراق بەرزبووەوە بۆ 40 پلەی سیلیزی.

 رۆژانى سێشەممە و چوارشەممە ئەگەرى بارانى بەلێزمە و مامناوەند هەیە و لە ناوچە سنوورییەکانى رۆژهەڵاتى عێراق ئەگەرى روودانى لافاو هەیە.