ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا 17 هەزار هەلی دامەزراندن رادەگەیەنێت

باڵەخانەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا

ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، 17 هەزار هەلی دامەزراندنی راگەیاند و لیژنەیەک بۆ بەدواداچوون و چاودێریکردنی بەڕێوەچوونی کارەکانی دامەزراندن پێکدەهێنێت.

محەمەد جاسم، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بەکەناڵ8ی راگەیاند: بەمەبەستی رەخساندنی هەلی دامەزراندن بۆ پاڵپشتی چینی گەنجان و دابینکردنی هەلی کار، لەپێناو بونیاتنانی کۆمەڵگەیەکی جێگیر و گەشەسەندو دەنگیاندا بە رەخساندنی 17 هەزار هەلی کار لە پارێزگاکە.

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگا، گوتیشی "لیژنەیەکی تایبەتمان لە ئەندامانی ئەنجوومەن پێکهێناوە بۆ چاودێریی کارەکان و گەرەنتیکردنی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ئەنجوومەن بەشێوەیەکی شەفاف و ئاشکرا".

ئاماژەی بەوەشکرد "ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دەنگیدا بە دەستپێکردنەوەی کاری موختاری گەڕەکانی بۆ ماوەی 60 رۆژ، تاوەکو دانانی شێوازێکی نوێ بۆ کارکردنیان".