ئەدھەم بارزانی: لەوانەیە لەسەر داوای پارتی هەڵبژاردن دوابخرێت

ئەدهەم بارزانى، ئەندامى پێشووى ئەنجومەنى سەرکردایەتى پارتى دیموکراتى کوردستان.

ئەدهەم بارزانى، سیاسەتمەدارى دیارى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، لەوانەیە لەسەر داوای پارتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بۆ سێ مانگ و 5-6 رۆژێک دوابخرێت.

ئەدهەم بارزانی لە پەیامێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، پاش پێداگریەكی یەكجار زۆری پارتی لەسەر دواخستنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بۆ ئەوەی لەم سەردەمە لە عێراق شڵەژانێك دروستنەبێت، پاش ھەندێك گەشت و سەفەری تەواو نھێنی، لەوانەیە ئەم ھەڵبژاردنە بۆ سێ مانگ و 5 - 6 رۆژێك دوابكەوێت.

بەگوێرەی مەرسوومی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، بڕیارە رۆژی 10ـی حوزەیرانی 2024، هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامبدرێت و  رۆژی 10ی مانگی ئایار بانگەشەی هەڵبژاردن دەستپێبكات و لە بەرواری 6ـی حوزەیران کۆتایی بێت.

تاوەکو ئێستا کۆمیسیۆن سوورە لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەو وادەیەی دیاریکراوە، بەڵام دەنگۆی دواخستنیشی هەیە، بەتایبەت دوای ئەوەی نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی ياسا رۆژی 28ـی نیسانی 2024 رایگەیاند، بیستوویانە لە سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستانەوە بڕیارێک دەرچووە بۆ دواخستنى هەڵبژاردن بۆ دواى مانگى 10ـی ئەمساڵ.