مۆرینیۆ ئامادەیە، کێ گرێبەست دەخاتە سەر مێزەکەی؟

جوزێ مۆرینیۆ، راهێنەری پێشووی یانەی رۆما. فۆتۆ:AP

جوزێ مۆرینیۆ، راهێنەری پێشووی یانەکانی ریال مەدرید و چێڵسی، لەو ساتەوە کە لە ئەرکی راهێنانی یانەی رۆما دوورخراوەتەوە بێکارە، لە نوێترین چاوپێکەوتنیشدا خواستی خۆی لەسەر گەڕانەوە بۆ کاری راهێنان ئاشکرادەکات.

راهێنەرەکە کە بە "سپێشەڵ وەن" ناسراوە، لە مانگی کانوونی دووەمی 2024وە دەستبەرداری پۆستەکەی بووە لە یانەی رۆما، چەندینجار بە یانەکانی خولی رۆشەنی سعوییەوە بەستراوەتەوە، بەڵام هیچ یەکێک لە سەرچاوەکان نەیانتوانیوە ئەو زانیارییانە پشتڕاستبکەنەوە و تەنانەت راهێنەرەکەش وەک زانیاریی دروست مامەڵەی لەگەڵ ئەو جۆرە هەواڵانەدا نەکردووە و کاردانەوەی نەبووە.

تۆڕی "وەن فووتبۆڵ"، وردەکاریی چاوپێکەوتنێکی جوزێ لەگەڵ فابریزیۆ رۆمانۆی شارەزای بواری گواستنەوەکان بڵاوکردووەتەوە، تیایدا بە ئاشکرا ویست و حەزی خۆی بۆ گەڕانەوە بۆ نێو بواری راهێنان و بۆ یەکێک لە یانەکانی ئەوروپا نیشاندەدات.

مۆرینیۆ دەڵێت، "پێویست ناکات پشووبدەم، پێویستم بە حەوانەوە و بیرکردنەوە نییە، ئەوەی روودەدات بەلای منەوە ئاساییە و ژیانیش بە ئاسایی دەڕوات، ئامادەم جارێکی دیکە لە یانەیەکی دیکەوە دەستپێبکەمەوە."

جوزێ مۆرینیۆ، راهێنەری پێشووی یانەکانی ریال مەدرید، چێڵسی و رۆما. فۆتۆ:AP

"سپێشەڵ وەن" ئێستا لە پۆرتوگال لەگەڵ خێزانەکەی ژیان دەگوزەرێنێت، روونکردنەوەی زیاتر دەدات و دەڵێت، "هەست بە بەهێزی دەکەم، زۆر باشم و وەک گووتم، ئامادەم دەستبەجێ لە یانەیەکی دیکە دەستبەکاربم، بەڵام نامەوێت ئەمجارە بژاردەیەکی هەڵە بکەم، بۆیە کەمێک خۆڕاگری و ئارامیم پێویستە، ئامانجی سەرەکیشم ئەوەیە لە هاوینی 2024وە دووبارە دەستپێبکەمەوە."

بۆ دوایین جار مۆرینیۆ یانەی رۆمای گەیاندە کۆنفرانس لیگ، پێشتریش یانەکەی پایتەختی ئیتاڵیای کردە پاڵەوانی یۆرۆپا لیگ و لە خولی ئیتاڵیاش شکۆی بۆ گەڕاندنەوە، بەڵام لە دوایین وەرزیدا بە چەشنی وەرزەکانی رابردوو سەرکەوتوو نەبوو، بەهۆی رێکنەکەوتنی لەگەڵ خاوەندارییەتی جێلارۆسۆ، بە رێککەوتنی دوولایەنە گرێبەستەکەی هەڵوەشێنرایەوە.