ریشی سوناک: بەهیچ جۆرێک سڵ لە جێبەجێکردنی ناردنی پەنابەران بۆ رواندا ناکەینەوە

ریشى سوناک، سەرۆک وەزیرانى بەریتانیا

ریشی سوناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، داوایەکی دادگاکانی ئایرلەندا بۆ ناردنەوەی پەنابەرانی نایاسایی لەڕێگەی ئەوروپاوە رەتدەکاتەوە و جەختیش دەکاتەوە، کە بەهیچ جۆرێک سڵ لە جێبەجێکردنی ناردنی پەنابەران بۆ رواندا ناکەنەوە.

ریشی سوناک، لەدیمانەیەکى تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، ئەو گرنگی بە گێڕانەوەی پەنابەران بۆ ئەوروپا نادات، بەوجۆرەی دادگاکانی ئایرلەندا باسیدەکەن، لەبەرئەوەی ئەوروپا قبوڵی ناکات پەنابەران رەوانەی فەرەنسا بکاتەوە و لەوێشەوە بنێردرێنەوە بۆ وڵاتەکانیان.

سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا جەختیشیکردەوە، بەتەواوەتی گرنگی بەپلانی ناردنی پەنابەران بۆ رواندا دەدات، لەبەرئەوەی دەیەوێت پەنابەرانی نایاسایی ساردبکاتەوە لەهاتنیان بۆ بەریتانیا.

گوتیشی "داوای لێبوردن لەو هەنگاوەی ناکات، لەبەرئەوەی رێگایەکە بۆ چارەسەریی پرسی پەنابەرانی نایاسایی و بەهیچ جۆرێک سڵ لەجێبەجێکردنی ناکەنەوە".

بەگوێرەی یاسای ناردنی پەنابەرانی بەریتانیا بۆ رواندا کە بەمدواییانە لەپەرلەمانی ئەو وڵاتە پەسەندکرا، هەموو ئەو پەنابەرە نایاساییانەی لەدوای کانوونی دووەمی 2022ەوە چوونە ناو خاکی بەریتانیا رەوانەی وڵاتی سێیەم دەکرێن کە رواندایە.