دیێگۆ سیمیۆنی و سیمیۆنی ئینزاگی هەوڵی بلیتی چارەکی کۆتایی دەدەن

دیێگۆ سیمیۆنی، راهێنەری یانەی ئەتڵەتیکۆ مەدرید. فۆتۆ: AP

ئەمشەو ئەتلەتیکۆ مەدرید و ئینتەر میلان کۆتایی بە چاوەڕوانی هاندەرانیان دەهێنن، یاریی گەڕانەوەی قۆناغی 16ی چامپیۆنزلیگ لە یاریگەی واندا میترۆپۆلیتانۆ ئەنجامدەدەن و یەکێک لە دوو جەمسەرەکە بە بلیتی چارەکی کۆتاییەوە دەگەڕێتەوە نێو هاندەرانی.

ئەتلێتیکۆ لە ماوەی 11 وەرزی رابردوودا نۆیەمجارە لەم قۆناغەدا یاریدەکات، لە یاریی چوون بە ئەنجامی گۆڵێکی بێوەڵام شکستیهێناوە و ئەمجارە پێویستی بە سەرکەوتنە، بەڵام دۆخەکە لەبەرژەوەندیی یاریزانانی دیێگۆ سیمیۆنی نییە ولەدوایین هەشت یاری لە سەرجەم خول و پاڵەوانییەتییەکان پێنج شکستیان نووسیوەتەوە، تەنانەت یەکێک لە شکستەکانیان لە لالیگا بەرامبەر یانەی کادیز بووە، کە مەترسی دابەزینی لەسەرە.

ئەوەی بۆ یانەکەی مەدرید هیوابەخشە، سیحری یاریگەی میترۆپۆلیتانۆ و هاندەرە سەرکێشەکانییەتی، یانەکە لەم یاریگەیەدا لە ماوەی 20 یارییدا تەنیا یەک شکستی هەبووە، سیان لە سەرکەوتنەکانیشیان لە قۆناغی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگی ئەم وەرزەدا بووە و هەر سەرکەوتنێکئش بە جیاوازی دوو گۆڵ بووە.

سیمیۆنی ئینزاگی، راهێنەری یانەی ئینتەر میلان. فۆتۆ: AP

ئەوەی ئەرکی ئەتلەتیکۆی قورس کردووە، رووبەڕووبوونەوەی یەکێکە لە باشترین یانەکانی ئەم وەرزەی ئیتاڵیا و ئەوروپا بەگشتی، کە یانەی ئینتەر میلانە.

ئینتەر 13 یارییە لەسەرجەم خول و پاڵەوانییەتییەکان شکستی نەهێناوە و هەر لەم خولەشدا حەوت یاریی بەبێ دۆڕاندن تێپەراندووە، یاریی چوونیش بە ئەنجامی گۆڵێکی بێوەڵام لە پێش بووە.

ئەو فۆرمەی پێکهاتەی سیمۆنی ئینزاگی لەم وەرزەدا نیشانیداوە دەریدەخات، کە چەکی پێویستیان بەردەستە بۆ سەرکەوتن بەسەر ئەتلەتیکۆ و گەیشتن بە قۆناغی چارەکی کۆتایی و ئەگەر بە داتا و ژمارەکانیشدا بچینەوە هەمان دەرەنجاممان دەستدەکەویت و یانەکەی میلانۆ لە 36 یاریی ئەم وەرزەدا هیچ شکستێکی لەدەرەوەی یاریگەی خۆی تۆمار نەکردووە.