کەناڵ8 ناوەڕۆکی نامەیەکی نێچیرڤان بارزانی بۆ کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاشکرا دەکات

نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان. فۆتۆ: AP

نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکی هەرێمى کوردستان نامەیەک ئاراستەى کۆميسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق دەکات و داوادەکات تەواوی رێکارەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکە لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێت.

کەناڵ8 لە پێنج سەرچاوەى ناو کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراقەوە زانیاریی دەستکەوتووە، بەشێک لە کۆمیسیاران نامەکەى سەرۆکى هەرێمیان نەبینیوە، بەڵام بەگوێرەى زانیارییەکان، نامەکە گیشتووەتە کۆمیسیۆن و بەڵێنى چارەسەرکردنیش بە سەرۆکى هەرێمى کوردستان دراوە.

سەرۆکى هەرێمى کوردستان، لە نامەکەدا داوای لە کۆمیسیۆن کردووە، بنکەى سەرەکى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانى هەرێمى کوردستان بکرێت بە بارەگاى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق و كورسییه‌كانی پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ش زیادبکرێت.

سەرۆکى هەرێمى کوردستان داواى لە کۆمیسیۆن کردووە، لیژنەى تەکنەلۆجیی هەرێمى کوردستان دەسەڵاتیان لە کۆمیسیۆندا هەبێت، چونکە 20%ى دانیشتووانى هەرێمى کوردستان کێشەى پەنجەمۆریان هەیە.

کەناڵ8 بەدواداچوونى بۆ ئەو رێژەی 20% کردووە، رێژەکە بەمجۆرەیە، لە هەولێر 135 هەزار کارتى دەنگدان کێشەى هەیە، لە سلێمانیش 140 هەزار و  لە دهۆکیش زیاتر لە 100 هەزار کارت کێشەى تێدایە و لە سیستمى بایۆمەترى ناخوێندرێنەوە، بەڵام کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق، ئامادەیى نیشانداوە بۆ چارەسەرکردنى ئەو گرفتە تەکنیکییە.

کۆى گشتى 375 هەزار دەنگدەر گرفتیان هەیە، تاوەکو ئێستا نازانرێت، ئەو کەسانەى گرفتى دەنگدانیان هەیە، بەچ میکانیزمێک کێشەکەیان بۆ چارەسەردەکرێت، چونکە کەمتر لە سێ مانگ لە بەردەم کۆمیسیۆندا ماوە.

چونکە بەشدارینەکردنى ئەو ژمارە لە دەنگدەر کاریگەریى لەسەر کۆى دەنگى حیزبەکان و ژمارەى کورسییەکان دروستدەکات.