لێدوانى مەسرور بارزانى لەبارەى دابەشکردنى مووچە بە پرۆژەى "هەژمارى من"

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان. فۆتۆ: ماڵپەڕی حكومەت

سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان رایگەیاند "لە پرۆژەى "هەژمارى من" بەردەوام دەبین و لەپەیوەندیداین لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ و پارێزگاری بانکی ناوەندی سەبارەت بە چەند دەستپێشخەرییەکی پەیوەندیدار بە پێشخستنی سیستەمی بانکی بە هەماهەنگی و بەپێی مەرج و رێنماییەکانی بانکی ناوەندی عێراق".

مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەبڵاوکراوەیەکدا لە هەژمارى خۆى لە فەیسبوک رایگەیاند "ئێوارەی ئەمڕۆ پێشوازیمان لە شاندێکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی بانکی بەغداد (مصرف بغداد) و بانکی ئوردنی کوەیتی (البنك الأردني الكويتي) کرد بە سەرۆکایەتی ماجید ئەلساعدی سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی بانکی بەغداد".

دەشڵێت "لە کۆبوونەوەکەدا کە عەبدولکەریم ئەلکەباریتی سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئوردن و ئەندامی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی بانکی بەغداد بەشداربوو، گفتوگۆمان لەبارەی دەرفەتەکانی ئەنجامدانی کار و پڕۆژەی هاوبەش لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد لە پێناو پێشخستنی سیستەمی بانکی و پەرەپێدانی ئابووری لە عێراق و هەرێمی کوردستان".

روونیشیدەکاتەوە "تیشکمان خستە سەر چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێم لە بواری سیستەمی بانکی و بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییەکان و پارەدانی ئەلیکترۆنی . هەروەها باسمان لە بەردەوامبوونی پڕۆژەی (هەژماری من) کرد و ئاماژەمان بەوەدا کە لەپەیوەندیداین لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ و پارێزگاری بانکی ناوەندی سەبارەت بە چەند دەستپێشخەرییەکی پەیوەندیدار بە پێشخستنی سیستەمی بانکی بە هەماهەنگی و بەپێی مەرج و رێنماییەکانی بانکی ناوەندی عێراق".

جەختیشدەکاتەوە "شاندەکە سەرسامی خۆیان بەرامبەر ئاست و پێشڤەچوونی پڕۆژەی (هەژماری من) و دیدگامان لەبارەی هەمەجۆرکردنی ئابووری و پێشخستنی سیستەمی بانکی نیشاندا. هەردوولا هاوڕابووین لەسەر گرنگیی پشتیوانیکردنی هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بواری چاکسازی بانکیدا".

دەشڵێت "بانکی بەغداد، یەکێکە لە گەورەترین بانکە بازرگانییەکانی عێراق و یەکەمین بانکە لە عێراقدا کە لە ساڵی 1992 لەلایەن بانکی ناوەندی عێراقەوە مۆڵەتی کارکردنی پێدرا. بانکی ئوردنی کوەیتی، بانکێکی ئوردنییە و لە چەندین وڵاتی عەرەبی لقی هەیە".