مامۆستایانی ناڕازی ئامادەکاری بۆ خۆپیشاندانی فراوان دەکەن

خۆپیشاندانى مامۆستایانى ناڕازیى لە سلێمانى. فۆتۆ: حەمەسوور - کەناڵ8

بەهۆی دابەشنەکردنی مووچە و جێبەجێنەکردنی داواکارییەکانیان، مامۆستایانی ناڕازی ئامادەکاری دەکەن بۆ قۆناغێکی نوێی ناڕەزایەتییەکانیان و خۆپیشاندانی فراوان.

عوسمان عەبدوڵا گوڵپی ئەندامی دەستەی مامۆستایانی ناڕازی بە کەناڵ8ی راگەیاند، بەڵێنەکان بۆ دابەشکردنی مووچە و داواکارییەکانیان جێبەجێنەکراون و تاوەکو ئێستاش دیارنییە کەی مووچەی مانگی شوبات دابەشدەکرێت، بۆیە مامۆستایان ئامادەکاری بۆ قۆناغێکی نوێ دەکەن کە ناڕەزایەتییەکانیان بەرنە قۆناغێکی نوێوە و وەکو پێشتر نەمێنێت، بەجۆرێک کاریگەری زیاتر بێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەوڵدەدرێت ناڕەزایەتییەکان فراوانتربکرێن و تەنیا لە بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن و خۆپیشاندانی مامۆستایاندا نەمێنێتەوە، بەڵکو ناڕەزایەتیی هەموو ناوچەکان و چین و توێژەکان بگرێتەوە، تەنانەت ناڕەزایەتییەکان بەرنە شاری هەولێریش.

بەهۆی دابەشنەکردنی مووچەوە، دوو رۆژە بەشێک لە فەرمانگەکانی سلێمانی بایکۆتی دەوامیان کردووە، هاوکات ئێستا 18 رۆژ بەسەر مانگی سێدا تێپەڕیوە بەڵام تاوەکو ئێستا مووچەی مانگی دوو دابەشنەکراوە.

رۆژی دووشەممە 11ـی ئازاری 2024، وەزارەتى دارایى عێراق مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان، چاودێریى کۆمەڵایەتى، کەسوکارى شەهیدان و ئەنفالکراوان، خانەنشینانى مەدەنى و سەربازیى خستەر هەژمارى بانکیی وەزارەتى دارایی حکومەتى هەرێمى کوردستان.

وەزارەتەکە دەڵێت: "حکومەتى هەرێمى کوردستان بەرپرسە لە راستی و دروستى ئەو زانیاریی و داتایانەى پێشکەشى وەزارەتى دارایی حکومەتى عێراقى کردووە".

وەزارەتى دارایى عێراق، لە گوژمەى یەکەمیدا بڕى 130 ملیار و 995 ملیۆن دینارى رەوانەى هەرێمى کوردستان کرد، دواتر گوژمەیەکی دیکەی رەوانەکرد و کۆی گشتیی پارەی نێردراو پێکهاتووە لە 560 ملیار دینار.

وەزارەتى دارایى و ئابووریى حکومەتى هەرێمى کوردستان، بۆ مووچەى مانگانە پێویستى بە 913 ملیار دینار هەیە، لە داهاتى نانەوتى کە مانگانە 320 ملیار دینارە کورتهێنانى مووچەى پێ پڕدەکاتەوە.

هێشتا حکومەتی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی شوباتی رانەگەیاندووە، سەرەڕای ئەوەی 560 ملیار دینار بۆ مووچە چووەتە سەر حیسابی بانکیی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان.

حکومەتی هەرێمی کوردستان هۆکاری رانەگەیاندنی لیستی مووچەی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە، بەغداد بەشە پارەی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی نەناردووە.