پارتی چاکسازیی تورکمان پێشوازى لە بڕیارەکانى پارتى دیموکراتى کوردستان دەکات

پارتی چاکسازیی تورکمان پێشوازى لە بڕیارەکانى پارتى دیموکراتى کوردستان بۆ بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردن و ئەگەرى کشانەوە لە حکومەتى عێراق دەکات و دەڵێت، ئیرادەی گەلی کوردستان زۆر لەوە بەهێزترە بە نادەستوری و نایاسایی بیانەوێ سیستمێکیان بەسەردا بسەپێنن.

پارتی چاکسازیی تورکمان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەى بەوەکردووە، "ئیرادەی گەلی کوردستان بەهەموو پێکهاتە جیاوازەکانیەوە زۆر لەوە بەهێزترە کە بە نادەستوری و نایاسایی بیانەوێ سیستەمێکی سەپێندراومان بەسەردا بسەپێنن".

باس لەوەشکراوە، مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبووەوە و گرنگترین بڕیاری بە ئاڕاستەی بەرژەوەندی گەل و کوردستاندا، كە پارتی نەچێتە ژێر باری پەسەندکردنی بریاری نادەستوریی و سیستمێکی سەپێنراو لە دەرەوەی ئیرادەی گەلی هەرێمی كوردستان و دامەزراوە دەستورییەکانی و بەشداری هەڵبژاردنێک نەكات کە بە نایاسایی و نادەستوری و لەسایەی سیستەمیکی سەپێنراودا بەڕێوەبچێت.

لە بەشێکى دیکەى راگەیەندراوەکەدا هاتووە، وەکو پێکهاتەی تورکمان و پارتی چاکسازی تورکمان سوپاسى پارتى و مەسعود بارزانى، سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان دەکات، بەهۆى بەرگریکردنى لە مافى پێکهاتەکانى هەرێمى کوردستان و جەختکردنەوەى لە بەشدارییان لەکۆی کایەی حکومڕانی و پرۆسەی سیاسی.

ئەمەش پاشئەوە دێت، لە راگەیەندراوێکدا مەکتەبى سیاسیى پارتی دیموکراتى کوردستان ئاماژەى بەوەکرد، بەشداریی هەڵبژاردنێک ناکەن بە نایاسایی و نادەستوری و لەسایەی سیستمێکی سەپێندراودا بەڕێوەبچێت، هەروەها لە راگەیەندراوەکەدا هاتبوو "ئەگەر رێککەوتننامەى پێکهێنانى حکومەتى سودانى جێبەجێنەکرێت، ناتوانن بەردەوامبن لە پرۆسەى سیاسی لە عێراق.