بەرکەوتەکانی پارتی دوای هەڵبژاردنی خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان

دانیشتنێکى پەرلەمانى کوردستان فۆتۆ: راگەیاندنى پەرلەمان
دانیشتنێکى پەرلەمانى کوردستان لە خولی پێنجەم فۆتۆ: راگەیاندنى پەرلەمان

بەگوێرەى دوایین هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، بەرکەوتەى پارتى دیموکراتى کوردستان لەحکومەتى هەرێمی کوردستان، جگە لە سەرۆکوەزیران، 10 پۆستی وەزیر و چەندین پۆستی دیکەیە.

پارتى دیموکراتى کوردستان لەهەڵبژاردنى خولى پێنجەمى پەرلەمانى کوردستاندا، زۆرینەى دەنگەکانى بەدەستهێنا و بەو هۆیەوە توانى ببێتە پێکهێنەرى سەرەکیى حکومەتى هەرێمى کوردستان.

لەهەڵبژاردنى خولى پێنجەمى پەرلەمانى کوردستان 3 ملیۆن و 850 هەزار و 61 هاونیشتمانى مافى دەنگدانیان هەبوو، لەو رێژەیە یەک ملیۆن و  845 هەزار و 979 هاونیشتمانى دەنگیداوە. پارتى دیموکراتى کوردستان  688 هەزارو 70 دەنگى بەدەستهێنا و بووە خاوەنى 45 کورسى.

پارتى دیموکراتى کوردستان بەهۆى ئەو دەنگانەوە توانى ئەم پۆستانە بەدەستبهێنێت:

سەرۆکى هەرێمى کوردستان و سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان

10وەزیر و سەرۆکى دیوانى ئەنجوومەنى وەزیران و سەرۆکى دیوانى سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان.

جگە لەو پۆستانە پارتى، پۆستەکانى سەرۆکى دەستەى وەبەرهێنان ‌و به‌رپرسى فه‌رمانگه‌ى په‌يوه‌ندييه‌كانى ده‌ره‌وه‌ و بەرپرسى فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری و بەرپرسى ئەنجوومەنى راژە و چەندین پۆستى دیکەى لایە.

نووسینگەی ڕێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان.

رۆژی دووشەممە 18ی ئازار لە راگەیەندراوێکدا مەکتەبى سیاسیى پارتی دیموکراتى کوردستان رایگەیاند، بەشداریی هەڵبژاردنێک ناکەن بە نایاسایی و نادەستووری و لەسایەی سیستمێکی سەپێنراودا بەڕێوەبچێت، دەشڵێت "ئەگەر رێککەوتننامەى پێکهێنانى حکومەتى سودانى جێبەجێنەکرێت ناتوانین بەردەوامبین لە پرۆسەى سیاسی لە عێراق".

باس لەوەشکراوە، لە روانگەى هەستکردن بە بەرپرسیارێتى لە پاراستنى مافەکانى گەلى کوردستان و سیستمى دیموکراسى لە عێراق، بە بەرژەوەندى گەل و نیشتمانى دەزانن بەشداریى هەڵبژاردنێک نەکەن کە بە نایاسایى و نادەستوریى و لە سایەى سیستمى سەپێندراودا بەڕێوەبچێت.