هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی رووسیا جیهانی کردووە بە دوو بەشەوە

ئەنجامی سەرەتایی دەنگەکان فۆتۆ: AFP

هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی لە رووسیا کۆتاییهات و بەگوێرەی ئەنجامە سەرەتاییەکان، ڤلادیمیر پوتن، خولێکی دیکەی سەرۆکایەتیی وڵاتەکەی بردەوە، لەدوای راگەیاندنی ئەنجامەکان، بەشێک لە وڵاتان پیرۆزبایی خۆیان لە پوتن کرد و بەشێکی دیکەش رەخنەیان لە پرۆسەکە گرت و بە نایاسایی وەسفیانکرد.

بەکین، پیرۆزبایی لە ڤلادیمێر پوتن کرد و رایگەیاند "چین و رووسیا دوو وڵاتی هاوسێ و هاوبەشی یەکدین لە هاریکارییە ستراتیژییەکانی سەدەی نوێ".

سەرۆکی چین بردنەوەی پوتنی بە دەرخستنی پاڵپشتیی هاوڵاتییانی وڵاتەکە دانا بۆ پوتن و لە لە پەیامێکی پیرۆزبایی دەڵێت، بە سەرکردایەتیی پوتن، رووسیا دەتوانێت سەرکەوتنی زۆر دەستەبەر بکات.

سەرۆککۆماری ئێران پیرۆزبایی لە پوتن کرد و لە پایمێکیدا کە ئاژانسی ئیرنا بڵاویکردووەتەوە و پیرۆزبایی دووبارە هەڵبژاردنەوەی لێکردووە.

سەرۆکی بۆسنە و هەرسک پێشوازی لە دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکانی رووسیا کرد و رایگەیاند "پوتن پیاوی وڵاتێکی مەزن و هاوڕێیەکە کە هەموو کات دەتوانین پشتیپێببەستین".

لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانەوە، سەرۆکی ئۆکرانیا رایگەیاندووە "پوتن دەیەوێت تاوەکو کۆتایی لەسەر دەسەڵات بێت".

ڤۆڵۆدیمیر زێلێنسکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نوسیویەتی، ئەم کەسایەتییە ئاڵوودە بووە بە دەسەڵات.

بەرپرسانی یەکێتیی ئەوروپا رایانگەیاندووە "هەڵبژاردنەکانی رووسیا لەژێر ترس و تۆقاندندا بەڕێوەچووە".

یەکێتییەکە پێیوایە، لە پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی رووسیادا هیچ بژاردەیەکی دیکە نەبووە و هەموو لایەنە ئۆپۆزۆسیۆنەکان بێدەنگکرابوون، ئازاد، هەمەچەشن و دیموکراسی نەبوون.

حکومەتی ئیتاڵیا لەبارەی بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی لە رووسیا رایگەیاندووە "پرۆسەکە پاک و ئازاد نەبووە".