سەربەست مستەفا: ئەگەر هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا نەکرێت بۆ ساڵێکی دیکە دوا دەکەوێت

سەربەست مستەفا سەرۆکی پێشووتری کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق

سەربەست مستەفا، سەرۆکی پێشووتری کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، پێشتر کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستانی بەڕێوەبردووە جگە لە ساڵی 2018، کە لەو ساڵەدا کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێم بەڕێوەبری برد.

سەرۆکی پێشووتری کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ کەناڵ8 راشیگەیاند، دەبێت هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بکرێت و ئەگەریش لەکاتی خۆیدا نەکرێت، پرۆسەکە بۆ ساڵێکی دیکە دوا دەکەوێت.

رۆژی دووشەممە 18ی ئازار لە راگەیەندراوێکدا مەکتەبى سیاسیى پارتی دیموکراتى کوردستان رایگەیاند، بەشداریی هەڵبژاردنێک ناکەن بە نایاسایی و نادەستووری و لەسایەی سیستمێکی سەپێنراودا بەڕێوەبچێت، دەشڵێت "ئەگەر رێککەوتننامەى پێکهێنانى حکومەتى سودانى جێبەجێنەکرێت ناتوانین بەردەوامبین لە پرۆسەى سیاسی لە عێراق".

باس لەوەشکراوە، لە روانگەى هەستکردن بە بەرپرسیارێتى لە پاراستنى مافەکانى گەلى کوردستان و سیستمى دیموکراسى لە عێراق، بە بەرژەوەندى گەل و نیشتمانى دەزانن بەشداریى هەڵبژاردنێک نەکەن کە بە نایاسایى و نادەستوریى و لە سایەى سیستمى سەپێندراودا بەڕێوەبچێت.