چەک بێری.. پێشەنگی موزیکی رۆک ئاند رۆڵ

لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆدا، لە 18ی ئازاری 2017، چەک بێری، پێشەنگی موزیکی رۆک ئاند رۆڵ لە تەمەنی 90 ساڵیدا کۆچی دواییکرد، کە رۆڵی هەبووە لە دروستکردنی کاریگەریی لەسەر ئەو جۆرە موزیکە و بەرەوپێشبردنی.

چەک بێری، ناوی چارڵز ئاندرسن بێرییە، لە 18ی ئۆکتۆبەری 1926 لە سانت لویس لە میسۆری لەدایکبووە، لەرێگەی باوکی و کڵێساوە بەر موزیک کەوتووە.

یەکەم نمایشی موزیکی لە قوتابخانەی دوانەوەندی بووە، لەوێ گۆرانییەکی بەناوی "Confessin ‘the Blues" جای ماکشانی گوتووە، کە بەدڵی گوێگران بووە، دوای ئەمە بڕیاریداوە کە بەردەوام بێت لەکارکردن لەسەر ستەیج.

دوای ئەوە بێری وانەی گیتاری وەرگرتووە و شێوازێکی موزیکژەنینی دروستکردووە کە تاڕاددەیەک لەو کاتەدا دەگمەن بووە.

پاش ئەوەی بووە بە دەلاک و هاوسەرگیریی کردووە و چەند منداڵێکی هەبووە، بۆباشترکردنی داهاتی مانگانەی، شەوانە لە یانەکاندا گیتاری ژەنیوە.

لە ساڵی 1952 دەستی کردوە بە ژەنینی گیتار و گۆرانیوتن لەگەڵ گروپە موزیکییەکەیدا، لیستی گۆرانییەکانیان موزیکی بلوز، گۆرانی فۆلکلۆر، کالیپسۆ و موزیکی دیکەی لەخۆ گرتووە.

لەگەڵ موزیکژەنیندا، بێری بوو بە نمایشکارێکی بەتوانا، بەجۆرێک رەفتار و دەربڕینەکانی روخساری بەجۆرێک بوو لەگەڵ وشەکانی گۆرانییەکەدا دەگونجا.

لە ساڵی 1957، یەکەم ئەلبومی بەناوی "After School Session" بڵاوکردەوە، بە درێژایی ژیانی 18 ئەلبوومی بەرهەم هێنا، بەشێک لە باشترین گۆرانییەکانیشی بریتین لە " Johnny B. Goode"، " Maybellene"، " Roll Over Beethoven".

لە کۆتاییەکانی ساڵانی پەنجەکاندا، ناوبانگێکی زۆری دەرکردووە و توانیویەتی سەرکەوتووبێت لە بوارەکەیدا، گۆرانییەکانیشی بەڕاددەیەکی زۆر بڵاوببوونەوە، گوێگرێکی زۆری هەبوو.

ئەم سێ گۆرانییە لە ساڵانی 1999، 1990 و 1998  یەکلەدوای یەک چوونە هۆڵی بەناوبانگەکانی گرامییەوە، لە ساڵی 1984 لە خولی 26ـەمینی دابەشکردنی خەڵاتەکانی گرامیدا خەڵاتی دەستکەوتی تەواویی ژیانی پێبەخشرا، دوای دوو ساڵ و لە ساڵی 1986ـدا بێری یەکەم کەس بوو کە چووە هۆڵی بەناوبانگەکانی رۆک ئاند رۆڵ.

بەڵام ژیانی درێژی بێری بێ گرفت و مشتومڕ و کێشەی یاسایی نەبوو، لە ساڵی 1959 دەستگیرکرا، تۆمەتی پێشێلکردنی یاسای رووبەڕوو کرایەوە، دوای ئەوەی دەرکەوت کە کچێکی تەمەن 14 ساڵی لە مەکسیکەوە بۆ سانت لویس گواستووەتەوە تا لە یانەیەکی شەوانەدا کار بکات، بێری ساڵی 1960 ئیدانە کرا و 20 مانگی لە زیندانی فیدراڵی بەسەر برد.

دواتر دادگای تێهەڵچوونەوەی فیدراڵی بڕیاریدا بە دووبارە دادگاییکردنەوەی، دوای ئەوەی دەرکەوت کە دادوەرەکە پێشتر سووکایەتی و رەگەزپەرستی کردووە.

لە سەرەتای ساڵانی حەفتاکاندا بە گۆرانی " Ding-A-Ling" جاری دیکە درەوشایەوە، دوابەدوای ئەم گۆرانییە چەند ئاهەنگێکی سازکرد، بەڵام ماوەی جارێک دەبووەوە بە مانشێتی رۆژنامەکان بەهۆی گرفتەکانی لەگەڵ یاسادا، ئەمەش وایکرد وردە وردە لە بازنەی هونەری بێتە دواوە تەنها لە سازکردنی ئاهەنگدا بەردەوام بێت.

لە ساڵی 1979، بێری بە تۆمەتی خۆدزینەوە لە باج، سزای چوار مانگ زیندانی و 1000 کاتژمێر لە خزمەتی کۆمەڵگەی بەسەردا سەپێنرا، لە ساڵی 1979ـشدا، پۆلیس دایبەسەر ماڵەکەیدا و چەند ڤیدیۆیەکی نەشیاوی دۆزییەوە.

لە پاش ئەوانەش، بێری بە خراپ مامەڵەکاردن لەگەڵ منداڵاندا تۆمەتبار کرا، بەڵام دواتر تۆمەتەکان هەڵوەشێندرانەوە.

لە ئاهەنگی 90 ساڵیدا گوێگرەکانی شۆککرد، دوای ئەوەی رایگەیاند کە ئەلبوومێکی بەناوی "چەک" بڵاودەکاتەوە، کە ئەمە دەبوو بە نوێترین ئەلبوومی دوای تێپەڕبوونی 40 ساڵ لە بڵاوکردنەوەی دوایین ئەلبوومیدا، ئەم ئەلبوومەش دوای تێپەڕبوونی سێ مانگ بەسەر کۆچی دوایی لە مانگی حوزەیرانی 2017ـدا بڵاوکرایەوە.

دوای بەرپاکردنی شۆڕش لە جیهانی موزیکدا، رۆژی 18ی ئازاری 2017، چەک بێری لە ماڵەکەی خۆیدا و لە تەمەنی 90 ساڵیدا کۆچی دواییکرد، هەواڵی مردنیشی غەمباری و نیگەرانیی ژمارەیەکی زۆری هونەرمەندانی بەدوای خۆیدا هێنا.