بەغداد ملیارێک و 503 ملیۆن دینارى دیکەى بۆ هەرێمى کوردستان نارد

دیناری عێراقی فۆتۆ: کەناڵ8

وەزارەتى دارایی عێراق، بڕی ملیارێک و 503 ملیۆن دینارى دیکەى بۆ مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان رەوانە کرد.

سەرچاوەیەک لە لقى هەولێرى بانکى ناوەندیی عێراق بە کەناڵ8ى راگەیاند، وەزارەتى دارایی عێراق، بڕى ملیارێک و 503 ملیۆن دینارى دیکەى خستووەتەسەر هەژمارى وەزارەتى دارایی هەرێمى کوردستان بۆ دابەشکردنى مووچەى فەرمانبەران.

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی، ئەو پارەیەى نێردراوە دیارینەکراوە بۆ مووچەى چ وەزارەتێک خەرجدەکرێت، بەڵکو ئەوە وەزارەتى دارایی هەرێمى کوردستان دیاریدەکات.

رۆژی دووشەممە 11ـی ئازاری 2024، وەزارەتى دارایى عێراق مووچەى چاودێریى کۆمەڵایەتى، کەسوکارى شەهیدان و ئەنفالکراوان، خانەنشینانى مەدەنى و سەربازیى خستەر هەژمارى بانکیی وەزارەتى دارایی حکومەتى هەرێمى کوردستان.

وەزارەتى دارایی عیراق دەڵێت: "حکومەتى هەرێمى کوردستان بەرپرسە لە راستی و دروستى ئەو زانیاریی و داتایانەى پێشکەشى وەزارەتى دارایی حکومەتى عێراقى کردووە".

وەزارەتى دارایى عێراق، پێشتر بە دوو گوژمە 560 ملیار دینارى بۆ هەرێمى کوردستان رەوانەکرد، ئێستا کۆی گشتیی پارەی نێردراو پێکهاتووە لە 561 ملیار و 503 ملیۆن دینار.

وەزارەتى دارایى و ئابووریى حکومەتى هەرێمى کوردستان، بۆ مووچەى مانگانە پێویستى بە 913 ملیار دینار هەیە، لە داهاتى نانەوتى کە مانگانە 320 ملیار دینارە کورتهێنانى مووچەى پێ پڕدەکاتەوە.

هێشتا حکومەتی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی شوباتی رانەگەیاندووە، سەرەڕای ئەوەی 561 ملیار و 503 دینار بۆ مووچە چووەتە سەر حیسابی بانکیی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان.

حکومەتی هەرێمی کوردستان هۆکاری رانەگەیاندنی لیستی مووچەی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە، بەغداد بەشە پارەی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی نەناردووە.