گۆڕان هەڵوێستى خۆى لەبارەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستانەوە راگەیاند

لۆگۆی بزووتنەوەی گۆڕان

بزووتنەوەى گۆڕان هەڵوێستى خۆى لەبارەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستانەوە راگەیاند و دەڵێت، پێویستمان بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 19ی ئازاری 2024، بزووتنەوەى گۆڕان راگەیەندراوێکی لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بڵاوکردووە و تیایدا ئاماژەی بەوەکردووە، "لەپێناو پرۆسەی دیموکراسی، گەڕانەوە بۆ دەنگ و ئیرادەی هاونیشتمانیان و ڕەوایەتیدان بە دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان پێویستمان بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنە".

دەشڵێت: " باشترین بژاردە لەبەردەم هەرێمی کوردستان هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەردە، بە بەشداری و لێکتێگەیشتنی هەموو لایەنە سیاسییەکان، هەڵبژاردنێک وەڵامگۆی پێداویستیە نیشتمانی، قانونی، دامەزراوەیی و بەپیرەوەچوونی ژیان و گوزەران و دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران بێت".

بزووتنەوەکە لە راگەیەندراوەکەدا داکۆکیکردن لە مافە دەستوورییەکان بە کاری لەپێشینە دەزانێت و دەڵێت، "لە هەمووی پڕبایەختر لەڕێگەی پەرلەمانی هەڵبژێردراوی کوردستانەوە نوێنەرایەتی خەڵکی کوردستان بۆ داکۆکیکردن لە مافە دەستورییەکانی هەرێمى کوردستان بکرێت".